کاتی پێویست بۆ خوێندنەوە:
دەتەوێت ببیت بە یەکێک لە ئەندامانی تیمی وەرگێڕانی وۆردپرێس؟ بەخێربێیت. هەر لە ساڵانی سەرەتای وۆردپرێسەوە زمانی کوردی یەکێک بووە لە زمانە بەردەستەکان. سیامەند نەریمان ڕابەری تیمەکە بووە و تا ئێستاش هەروەها. لە ساڵی 2020ەوە منیش بوومە ئەندامی تیمەکە. ئێستا لەگەڵ کاک سیا سەرپەرشتیاری زمانی کوردیین. بۆیە ئەرکی ئێمەیە دەستت بگرین تا تۆش دەستپێبکەیت.
هەموو کەسێک دەتوانێت بەشداربێت؟
بەڵێ، وۆردپرێس نەرمەواڵەیەکی ئازاد و سەرچاوەکراوەیە. جیاواز لە پڕۆژە ئازادەکانی تر، تەواوی زنجیرەنووسەکانی بەردەستە بۆ بینین و دەستکاریکردن. بۆ دەستپێکردن پێویستە هەژمارێکی (WordPress.org)ت هەبێت.
لە کوێوە دەست پێ بکەیت
زمانی کوردی یەکێکە لەو زمانانەی هەمیشە ئاستی %100ە. زۆرێک لە ڕووکار و پێوەکراوە بەناوبانگەکانیش بە هەمان شێوە، دەتوانیت لێرە لیستەکە ببینیت.
کەی بەشداریکردنت پێویستە؟
ئەو پێوەکراو\ڕووکارەی پێویستتە نەکراوە بە کوردی
ئەگەر پێوەکراو\ڕووکارێک هەیە کە دەتەوێت بە کوردی بەردەست بێت، دەتوانیت دەست بکەیت بە وەرگێڕانی. پێویست ناکات ئێمە ئاگادار بکەیت، هەژمارەکەت دروستبکە و دەستپێبکە. دوای ئەوەی تەواو بوویت، ئاگادارمان بکە تا پێداچوونەوەی بۆ بکەین.
پێوەکراو\ڕووکارەکە کراوە بە کوردی، بەڵام پێویستی بە پێداچوونەوەیە
ڕەنگە پێوەکراو\ڕووکاری دڵخوازت پێشتر کرابێت بە کوردی، بەڵام هەڵەی تێدایە، یان بەجێهێڵراوە. دەتوانیت تۆ بیگریتە دەست.
مەرج و ڕێنمایی
وەکو باسم کرد وەرگێڕان کراوەیە بۆ هەموو کەسێک، وۆردپرێس و مۆڵەتی (GPL)، ڕێگە نادەن دەرگای هەرەوەزی دابخرێت. بەڵام کاتێک دەتەوێت ببیتە ئەندامێکی تیمەکەمان، چاوەڕوانیی پابەندبوونی %100ت لێ دەکەین بەم مەرج و ڕێنمایییانە.
وۆردپرێس بەشێکی گرنگە لە ژیانتدا
دەبێت پێش شارەزاییی وەرگێڕان، شارەزایییەکی تەواوت لە وۆردپرێس هەبێت. بەکارهێنەرێکی چالاکی سیستەمەکە بیت. جا بڵۆگی خۆت پێ دروست کردووە، یان بۆ کڕیار و ڕاژەخوازەکانت بەکاریدەهێنیت. لە هەمووی گرنگتر، دەبێت وۆردپرێس بە کوردی بەکاربهێنیت. بوون بە ئەندام بۆ “خزمەتی زمانی کوردی” یان “ناساندنی کورد بە گەلانی جیهان” سوودی بۆ ئێمە نابێت.
زمانی ئینگلیزی بەباشی دەزانیت
دەتوانیت تێبگەیت، بنووسیت، بخوێنیتەوە و گفتوگۆ بکەیت.
زمانی کوردی بەباشی دەزانیت
زانینی زمانی کوردی واتە پابەندبوون بە ڕێساکانی ڕێزمان، ڕێنووس و خاڵبەندی. پوختەی ڕێنووس و خاڵبەندی – دیاکۆ هاشمی، باشترین سەرچاوە و پێشنیاری ئێمەیە. تکایە لە سەرەتا تا کۆتایی بیخوێنەرەوە.
وشەکان جێگیرکراون، لادان لێیان ڕێگەپێنەدراوە
زمانی کوردی لە وۆردپرێس وشەنامەی تایبەتی هەیە. سەرجەم ئەو وشانەی جێگیرکراون لەوێ بوونیان هەیە. ئەم وشانە لەکاتی وەرگێڕان دەردەکەون، مەرجە تەماشایان بکەیت. بۆ نموونە کاتێک نووسراوە:
Theme = ڕووکار
Template = داڕێژە
Pattern = شێوەئاسا
ئیتر دەبێت دەقاودەق بینووسیتەوە. گۆڕینی وشەکانی ناو وشەنامەکە ڕێگەپێنەدراوە. ئەگەر بیانگۆڕیت وەرگێڕانەکانت ڕەتدەکرێتەوە.
گەڕانەوە بۆ فەرهەنگی زکورد
ئەگەری هەیە هەموو وشەیەک لە وشەنامەی وۆردپرێس بەردەست نەبێت. هەمیشە دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ فەرهەنگی تەکنۆلۆجیای زانیاری – زانستپەروەرانی کورد.
تاک و کۆ لە %s و %d
کاتێک زنجیرەنووسەکە %s و %dی لەخۆگرتبوو. واتە بەپێی دۆخەکە دراوە لەو شوێنە جێگیر دەکرێت. بۆ نموونە:
%s پێوەکراو دامەزرا. سەرنجی تێبینیی پەرەپێدەران بدە، ڕەنگە ڕەنووسێک لەو شوێنە دەربکەوێت. لەو کاتەدا دەبێت ئاگاداری تاک و کۆ بیت.
%s Plugins installed.
نابێت بنووسیت، %s پێوەکراوەکان دامەزران ← 3 پێوەکراوەکان دامەزران.
بەڵکو، %s پێوەکراو دامەزران دروستە.
ڕەنووسی عەرەبیی خۆراوا
هەمیشە ڕەنووسی عەرەبیی خۆراوا 123 بەکاربهێنە. نەک ١٢٣.
ئامێر و ژیریی دەستکرد قەدەغەیە
بەکارهێنانی (Google Translate)، (Microsoft Translate) و ژیریی دەستکرد بۆ وەرگێڕان بەتەواویی قەدەغەیە. دەکرێت سوودی لێ وەربگریت؟ بەدڵنیایی. بەڵام ڕوونووس\لکاندن، بە هیچ شێوەیەک.
هیچ شتێک کەسیی نییە
هیچ شتێک بەکەسیی وەرمەگرە. ئێمە بەشداربووان ناناسین، ئەگەر بیانناسین گرنگ نییە کێن و پاشبنەما و بیر و باوەڕیان چییە. وۆردپرێس لەسەر هەر بنەمایەکی وەک (بیرکردنەوە، دین، نەتەوە، زمان، ڕەگەز و هتد.) دژی دەرکردنی بەشداربووانە. ڕەتکردنەوەی وەرگێڕان واتە هەڵەیەک بوونی هەیە. فێربە، چارەسەری بکە و بەردەوام بە.
گفتوگۆی کەسی و تایبەتی ئەنجام نادرێت
کەناڵی تایبەت بە کوردی ناوەندی لە سڵاکی وۆردپرێس (#polyglots-ckb) بەردەستە. هەموو بەشداربووانی (WordPress.org) دەتوانن بێنە سڵاک. من و سیامەند نەریمان لەوێین. تکایە دووربکەوەرەوە لە گفتوگۆی کەسیی، داواکردنی ژمارەی تەلەفوون، بابەتی بازرگانی و کێشەی تەکنیکی لە وۆردپرێس.
هەموو شتێک لە کەناڵی کوردیی ناوەندی، نامەی تایبەتی من و سیامەند نەریمان؛ دەبێت دەربارەی وۆردپرێس، وەرگێڕان و داواکاریی پێداچوونەوە بێت. 100x جار تکایە: دوور بکەوەرەوە لە هەموو جۆرەکانی پەنا بۆ کەس بردن (Ad Hominem)، بەپێچەوانەوە وەڵامت نادەینەوە.
بەخێربێیت و لێرەوە دەستپێبکە.
وەڵامێک بنووسە