وۆردپرێس ستۆدیۆ

کاتی پێویست بۆ خوێندنەوە:

4–5 خولەک

وۆردپرێس لەناو کۆمپیوتەرەکەت دابمەزرێنە لە ڕێگەی وۆردپرێس ستۆدیۆوە. ستۆدیۆ ژینگەیەکی ناوازەت پێشکەش دەکات. هەر ئامانجێکت هەیە لە فێربوون، تاقیکردنەوە، گەشەپێدان، کڕیارخوازکردن و خانەخوێکردن، ئەوە وۆردپرێس ستۆدیۆ بۆ تۆیە.

وۆردپرێس ستۆدیۆ بەرنامەی بەکاربەرییە بۆ ڕوومێز. لەسەر سیستەمەکانی (macOS)، (Windows) و (Linux) بەردەستە. یەکێکە لە بەرهەمەکانی کۆمپانیای (Automattic). نەرمەواڵەیەکی ئازادە و مۆڵەتی (GPL)ی هەیە.

دەستپێکردن

کاتێک وۆردپرێس ستۆدیۆ دادەگریت و دایدەمەزرێنیت، ڕاستەوخۆ پەردەی (ماڵپەڕێک زیاد بکە) بەخێرهاتنت دەکات. بەم هەنگاوانە دەتوانیت یەکەم ماڵپەڕت لەسەر کۆمپیوتەرەکەت دابمەزرێنیت.

  1. سێ هەڵبژرادەت هەیە؛ ماڵپەڕێکی نوێ دروستبکە (جا لە سفرەوە یان بە بەکارهێنانی نەخشەکان). ماڵپەڕێک پەیوەست بکە، ئەگەر ماڵپەڕێکت لە (WordPress.com) یان (Pressable) هەیە، بەئاسانی دەتوانیت بیهێنیتە ناو کۆمپیوتەرەکەت، دەستکاریی بکەیت، پاشان گۆڕانکارییەکانت بنێریتەوە. هاوردن لە پاڵپشتەوە، دەتوانیت بە بەکارهێنانی پەڕگەکانی (zip) و (tar.gz) و (sql) و (wpress) ماڵپەڕەکەت بهێنیتە ناو ستۆدیۆ.
  2. کرتە لە ماڵپەڕێکی نوێ دروستبکە بکە. ئەمە دەتبات بۆ هەڵبژاردنی ئەو نەخشەیەی دەتەوێت. دەتوانیت کرتە لە ماڵپەڕی بەتاڵ بکەیت، یان نەخشەیەکی ئامادەکراو هەڵبژێریت. کرتە لە ماڵپەڕی بەتاڵ بکە. پاشان بەردەوام بە ئەمە وۆردپرێسێکی خاوێنت بۆ دادەمەزرێنێت.
  3. لەم پەردەیە دەتوانیت ناوی ماڵپەڕەکە بنێیت، یان وەک ئەوە بەجێیبهێڵیت کە ستۆدیۆ پێشنیاری کردووە. ئەگەر بتەوێت دەستکاریی وەشان، ڕێچکەی خۆماڵی و بەڕێوەبەری ماڵپەڕ بکەیت، کرتە دەکەیت لە ڕێکخستنە پێشکەوتووەکان. پاشان کرتە دەکەیت لە زیادکردنی ماڵپەڕ.
  4. ئێستا چەند چرکەیەک چاوەڕوان دەبیت، ستۆدیۆ ماڵپەڕەکەت بۆ دروست دەکات و ڕاستەوخۆ چالاکی دەکات. بۆیە دەستبەجێ دەتوانیت دەست بە بەکارهێنانی بکەیت.

فێربوونی ستۆدیۆ

تووڵی ناونیشان

لە تووڵی ناونیشانی وۆردپرێس ستۆدیۆ، دوو دوگمەی گرنگ هەیە. دوگمەی چوونەژوورەوە بۆ (WordPress.com)، ڕێگەت پێدەدات بچیتەژوورەوە بۆ هەژمارەکەت لە (WordPress.com)؛ لەو ڕێگەیەوە دەتوانیت ماڵپەڕەکانت ڕابکێشیت، ماڵپەڕە خۆماڵییەکانت بپەستێویت، ستۆدیۆ کۆد بەکاربهێنیت و زیاتریش. دوگمەی دووەم بریتییە لە ڕێکخستنەکان، کرتە کردن لێی دەتبات بۆ پەردەی ڕێکخستنەکانی وۆردپرێس ستۆدیۆ.

ڕێکخستنەکان

گشتی

لەم بەشەدا، دەرکەوتن بریتییە لە چۆنێتیی پیشاندانی ستۆدیۆ، دەتەوێت ڕووناک بێت یان تاریک، یان هاوشێوەی سیستەم. لە زماندا ئەو دانەیە هەڵبژێرە کە دەتەوێت. لە دەستکاریکەری کۆد ئەو دەستکاریکەرە هەڵبژێرە کە دەتەوێت ستۆدیۆ وەکو بنەڕەت بەکاریبهێنێت، بۆ نموونە (Visual Studio Code) یان (Cursor). بەرنامەی بەکاربەریی تێرمیناڵ (بە شێوەیەکی بنەڕەت تێرمیناڵی سەرەکی دیاری دەکات، مەگەر دانەیەکی تر هەڵبژێریت). پێرستی بنەڕەتی ماڵپەڕ دیاری دەکات ستۆدیۆ لە کوێ ماڵپەڕەکان دروست بکات. لە کۆتاییشدا دەتوانیت (Studio CLI) لە ناو تێرمیناڵ کارا بکەیت، کە ڕێگەت پێدەدات فەرمانەکانی (WP-CLI) جێبەجێ بکەیت.

هەژمار

لەم بەشەدا دەتوانیت بچیتەژوورەوە\دەرەوە بۆ هەژمارەکەت لە (WordPress.com).

شارەزاییەکان

لەم بەشەدا دەتوانیت ئەو شارەزایییانە چالاک بکەیت کە دەتەوێت. ئەوانەی هەڵیان دەبژێریت بۆ هەموو ماڵپەڕەکانت کارا دەبن. بریکارەکان دەتوانن سوود لەو شارەزایییانە وەربگرن، بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان دەسپێردرێت. بۆ نموونە ئەگەر پێویستت بوو بریکارەکەت گەشەپێدانی پێوەکراو ئەنجام بدات. دەتوانیت شارەزایی (Plugin Development) دابمەزرێنیت.

MCP

یاریدەدەری ژیریی دەستکردەکەت بە پرۆتۆکۆڵی پێکهاتی مۆدێل (Model Context Protocol)ی ستۆدیۆ ببەستەرەوە. بەم شێوەیە ڕێگەی بۆ دەکەیتەوە کە بتوانێت ماڵپەڕە خۆماڵییەکان دروست بکات، دەستکارییان بکات و شێوەپێدانیان بۆ بکات.

لاتەنیشت

لاتەنیشتی ستۆدیۆ لیستەی ماڵپەڕەکانت پیشان دەدات. لە خوارەوە پێت دەڵێت چەند ماڵپەڕ لە کاردان. دەتوانیت ماڵپەڕەکان بخەیتە کار لە ڕێگەی دەستپێکردن یان بیانوەستێنیت لە ڕێگەی وەستان. دەتوانیت بە کرتە کردن لە زیادکردنی ماڵپەڕ ماڵپەڕێکی نوێ دروست بکەیت.

بینین، بڵاوکردنەوە و دەستپێکردن

کاتێک ماڵپەڕەکەت دروست دەکەیت، لە بەشی سەرەوەی پەردەی ماڵپەڕەکە، کۆمەڵێک هەڵبژاردەت هەیە. لە ژێر ناوی ماڵپەڕەکە؛ WP admin ڕاستەوخۆ دەتبات بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ماڵپەڕەکەت. کردنەوەی ماڵپەڕی خۆماڵی، پەڕەی سەرەکیی ماڵپەڕەکەت دەکاتەوە.

لەلای چەپ بڵاوکردنەوەی ماڵپەڕ، ڕێگەت دەدات ماڵپەڕەکەت بڵاوبکەیتەوە، لە ماڵپەڕێکی خۆماڵییەوە، بەردەستی بخەیت بۆ هەموو جیهان. (WordPress.com) دەبێتە خانەخوێی ماڵپەڕەکەت. دەستپێکردن ماڵپەڕەکەت دەخاتە کار. دواتر هەمان دوگمە دەبێت بە وەستان، دەتوانیت کرتەی لێ بکەیت بۆ وەستاندنی ماڵپەڕەکەت.

پەردەی بەڕێوەبردنی ماڵپەڕ

پوختە

ئەم پەردەیە سێ بەش لەخۆدەگرێت؛ ڕووکار، وێنەیەکت لە ماڵپەڕەکە پیشان دەدات، ڕێگەت پێ دەدات بچیت بۆ پەڕەی سەرەکیی ماڵپەڕەکە. کڕیارخوازکردن، سەرجەم بەشە گرنگەکانی دەستکاریکەری ماڵپەڕەکەی لەخۆگرتووە. بە کرتەکردن لە هەر یەکێکیان دەتبات بۆ ئەو بەشە. کردنەوە لە…، ماڵپەڕەکەت لە هەر یەکێک لەو شوێنانە دەکاتەوە، بۆ نموونە ئەگەر بتەوێت بوخچەی ماڵپەڕەکە ببینیت کرتە دەکەیت لە (Finder).

هاوکاتگەری

ڕێگەت پێدەدات هاوکاتگەریی ماڵپەڕەکەت بکەیت لەگەڵ (WordPress.com) و (Pressable). ئەمە یەکێکە لە ناوازەترین تایبەتمەندییەکانی ستۆدیۆ. ماڵپەڕەکەت ڕادەکێشیتە ناو کۆمپیوتەرەکەت، دەستکاریی دەکەیت، پاشان دەیپەستێویت بۆ ماڵپەڕە ڕاستەوخۆکەت. کرتە لە پەیوەستکردنی ماڵپەڕ بکە بۆ جێبەجێکردن.

پێشبینینەکان

ماڵپەڕێکت لە ناو کۆمپیوتەرەکەت دروست کردووە و دەتەوێت پیشانی کەسانی تری بدەیت؟ (WordPress.com) ئەو کارەت بۆ دەکات. ڕێگەت پێدەدات تا 10 ماڵپەڕی پێشبینین بێبەرانبەر دروست بکەیت. ماڵپەڕەکان تا 7 ڕۆژ دەمێننەوە لە ڕێکەوتی دوایین بەڕۆژکردنەوە. کرتە لە ماڵپەڕی پێشبینین دروست بکە بکە بۆ دروستکردنی دانەیەک.

هاوردن \ هەناردن

ماڵپەڕێکت لە شوێنێک هەیە و دەتەوێت بیهێنیتە ناو وۆردپرێس ستۆدیۆ؟ دەتوانیت پاڵپشتی (Jetpack)، یان هەر فۆرماتێکی تری پاڵپشتیکراو بەکاربهێنیت بۆ ئەو کارە. هەروەها دەتوانیت هەموو ماڵپەڕەکە یان تەنیا بنکەدراوەکە هەناردە بکەیت.

ڕێکخستنەکانی ماڵپەڕ

سەرجەم وردەکارییەکانی ماڵپەڕەکەت لەم پەردەیەن. دەتوانیت دەستکارییان بکەیت بە کرتەکردن لە دەستکاریکردنی ماڵپەڕ یان کرتە لە هەڵبژاردەی زیاتر بکە بۆ لەبەرگرتنەوە\سڕینەوەی ماڵپەڕەکە.

هەر لەم پەردەیە دەتوانیت شارەزاییەکانی ژیریی دەستکرد بەڕێوەببەیت بۆ ئەم ماڵپەڕە. یان پەڕگەی ڕێنماییەکانی بریکار وەکو (AGENTS.md) دابمەزرێنیت، تا بریکارەکان بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ماڵپەڕە بکەن.

لەبەرگرتنەوە\سڕینەوەی ماڵپەڕ

ڕێگەیەکی تریش بۆ لەبەرگرتنەوە\سڕینەوەی ماڵپەڕەکانت هەیە. لە لاتەنیشتی ستۆدیۆ کرتەی ڕاست لە ناوی ماڵپەڕەکە بکە.

ستۆدیۆ کۆد

ستۆدیۆ کۆد بکە بە هاوڕێی خۆت. یاریدەدەری ژیریی دەستکرد کە شارەزایییەکی بێهاوتای لە وۆردپرێس هەیە. ستۆدیۆ کۆد خۆی کۆمەڵێک پێشنیارت بۆ دەکات، بۆ نموونە؛ دروستکردنی پێوەکراوێک، دروستکردنی بڵۆکێک و هتد. بەڵام خۆت دەتوانیت ئەوەی لێ داوا بکەیت کە دەتەوێت. دەتوانیت جۆری مۆدێلەکەش هەڵبژێریت، بنەڕەت (Sonnet 5)ە.


ڕووداوتۆمارگەری

  • 13/07/2026 بابەت دروستکرا.

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *