پێوەکراوی ژمێریاری بۆ وۆردپرێس

کاتی پێویست بۆ خوێندنەوە:

3–4 خولەک

حەفتەی ڕابردوو لە (WordPress.org)، پێداچوونەوەیەکم بۆ پێوەکراوی (Ever Accounting) نووسی. باسم لە ئەزموونی خۆم کردبوو دوای یەک ساڵ لە بەکارهێنانی پێوەکراوەکە. چاودێرەکانی مەکۆ پێداچوونەوەکەیان سڕییەوە، هۆکارەکە بریتی بوو لە “ئەوە بابەتی بڵۆگ بوو، پێداچوونەوە نەبوو”. هەر بۆیە ئەمە پێداچوونەوەکەیە لەگەڵ هەندێک بابەتی زیاتر.

ڕەنگە بۆ ئەزموونێکی هاوتا و بەکارنەهێنانی چارەسەرێکی دەرەکیی ژمێریاری، بەدوای پێوەکراوی ژمێریاریدا گەڕابیت بۆ ماڵپەڕی وۆردپرێسەکەت. بەدڵنیایی لە کاتی گەڕانەکەت چاوت بە پێوەکراوی (Ever Accounting) کەوتووە. پێوەکراوی ژمێریاری بۆ وۆردپرێس، کە یارمەتیت دەدات چاودێری داهات و خەرجییەکانت بکەیت و پسووڵە بە چەندین دراوی جیاواز بنێریت.

پێوەکراوەکە بە کوردی بەردەستە و دەتوانیت دایبمەزرێنیت. دوای ساڵێکیش لە بەکارهێنانی پێوەکراوەکە، ئەمە پێداچوونەوەکەمە کە 3/5ی پێدەدەم.

پێداچوونەوەکە

ئەم پێوەکراوە هەموو ئەو کارانە ئەنجام دەدات کە ئاماژەی پێکراوە. بەتەواوی ئاڕاستەی کارە بچووکەکان کراوە.

ئەوەی لە نەرمەواڵەیەکی ژمێریاریدا پێویستتە: پێویستە بزانیت کە ئەم پێوەکراوە بەتەواوی وەک نەرمەواڵەیەکی ژمێریاری کارناکات، جا قەبارەی کارەکەت هەرچەندێک بێت گرنگ نییە.
یارمەتیت دەدات بۆ بەڕێوەبردنی دارایی؟ بێگومان، بەڵام ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرە.

چارەسەرێکی تەواوی ژمێریاریی نییە

لە کاتی بەکارهێنانی نەرمەواڵەیەکی ژمێریاریدا، پێویستت بە تۆمارکردنی دوو-لایەنە هەیە. لەم ڕێگەیەدا، هەر گواستنەوەیەک دووجار تۆماردەکرێت، وەک دێبت (Debit) و کرێدت (Credit). ئەمە یارمەتیت دەدات پەڕاوەکان بە هاوسەنگی بهێڵیتەوە. ئەم پێوەکراوە وەک چارەسەرێکی یەک-لایەنە کاردەکات.
پێوەکراوەکە تەنیا بە لەبەرچاوگرتنی بانکیی دروستکراوە. ئەگەر بتەوێت کاش بەڕێوەببەیت، هیچ هەڵبژاردنێکی نییە.
بەڕێوەبردنی هەژمارەکان (Chart of accounts) بوونی نییە. پێوەکراوەکە شوێنێکی هەیە بە ناوی “Banking”. دیسانەوە، بە لەبەرچاوگرتنی کاش دروست نەکراوە. هەروەها، لەبەرئەوەی چارەسەرێکی یەک-لایەنەیە، ناتوانیت هەژمارەکان وەک (Assets) یان (Liabilities) بەڕێوەببەیت\دروست بکەیت، کە ئەمەش گرنگترین بەشی نەرمەواڵەیەکی ژمێریارییە.
پێویستت بە هەموو جۆرەکانی ڕاپۆرتە کە ئەم پێوەکراوە پێت نادات. ئەمە دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خاڵەی کە چارەسەرێکی دوو-لایەنە نییە. پێویستت بە (Balance sheet)، (Profit and loss statement)، (Cash flow statement)، (Movement of equity)، (Business performance ratio) و زۆر شتی دیکە دەبێت.
پێوەکراوەکە ڕاپۆرتی بنەڕەتیت پێدەدات؟ بێگومان، بەڵام ئەوە نییە کە نەرمەواڵەیەکی ژمێریاری دەبێت پێشکەشی بکات.

ئەوەی کە لە بەڕێوەبردنی پێوەکراوەکەدا بەدڵم نییە

گەشەپێدەرانی پێوەکراوەکە کەمتەرخەمن. سەرەتای بەکارهێنانی پێوەکراوەکە، لە دوو کێشە ئاگادارم کردنەوە، یەکێکیان بۆ گەڵاڵەبەندیی تێکچوو لە ڕاست بۆ چەپ و یەکێکیان بۆ تێکڕای گۆڕینەوەی دراوەکان وەکو دیناری ئێراقی. یەکەم پەیامم لە 28ی تەممووزی 2025 نارد. وەڵامیان نەدایەوە. دووبارە لە 21ی ئابی 2025 ئاگادارم کردنەوە. وەڵامیان دایەوە و وتیان پەیامەکەیان نەبینیوە، هەوڵدەدەن کێشەکان چارەسەر بکەن. جارێکی تر لە 28ی تشرینی یەکەمی 2025 ئاگادارم کردنەوە. وەڵامیان نەدایەوە، بۆیە کۆڵمدا.
نەخشەڕێگەیەکی گشتییان نییە، بۆیە نازانیت پلانەکانیان بۆ داهاتوو چییە. کۆمەڵێک زیادکراویان هەیە لە ماڵپەڕەکەیان: (CRM)، (Payroll) و هتد. لەسەری نووسراوە “بەم زووانە”. ساڵی ڕابردووش هەر بەو شێوەیە بوو، بەدڵنیایی زۆر پێش ئەوەش. ئایا هەر سەرقاڵی گەشەپێدانن؟ ئایا هەر دەستیان پێکردووە؟ کەس نازانێت.
زیادکراوی (WooCommerce)ـەکەیان بە باشی کاردەکات. ئەگەر دەتەوێت داواکارییەکانت دەستبەجێ هاودەم بکەیت، دەتوانیت بەکاری بهێنیت. بەڵام ئاگاداربە کە هیچ هەڵبژاردنێکیان نییە بۆ وەستاندنی بەشدارییەکەت. دەبێت پەیوەندییان پێوە بکەیت بۆ ئەوەی لە ڕێکەوتی نوێکردنەوەکەدا پارەت لێ نەبڕدرێت.

کەواتە، ئایا بەکاریبهێنیت؟ ئەگەر سادەترین ئامرازت دەوێت بۆ بەڕێوەبردنی داراییەکانت، وەک (freelancer) یان کارێکی بچووک، کە پێویست ناکات پابەند بیت بە هیچ ڕێنمایی و بنەڕەتێکی دارایی لە کوردستان و ئێراق، ئەوا بێگومان. تەنیا ئەوە لەبەرچاو بگرە کە ئەمە نەرمەواڵەیەکی تەواوی ژمێریاری نییە.

پێوەکراوەکە توانایەکی زۆری هەیە. ئەگەر گەشەپێدەران بیانەوێت بیکەنە چارەسەرێکی تەواو و نایابی ژمێریاری، دەتوانن.

پێوەکراوێکی ژمێریاریی تەواو هەیە بۆ وۆردپرێس؟

لە ڕاستیدا نەخێر، هیچ کام لە پێوەکراوەکان بەتەواوی کار ناکەن. یان بەو جۆرایەتییە دروست نەکراون کە من پەسەندی بکەم. هەروەها دەبێت ئاگاداربیت کە ئێراق بنەڕەتەکانی (IFRS) پەیڕەو دەکات. بۆیە بەکارهێنانی نەرمەواڵەیەکی ژمێریاریی تەواو مەرجە بۆ کارەکەت. ئەو بەرهەمەی من هەمیشە پێشنیاری دەکەم (Zoho Books)ـە. هەموو شتێک پێشکەش دەکات کە پێویستت پێی دەبێت. ڕاستە ئەزموونێکی دەرەکیت بۆ دروست دەکات، واتە ژمێریاری لە دەرەوەی ماڵپەڕەکەت، بەڵام لە ئێستادا ئەوە تەنیا چارەسەرە. کۆمپانیای زۆهۆش کۆمپانیایەکی بەڕێزن، ئەزموونی 6 ساڵم لەگەڵیان هەیە، شایەنی ئەوەن متمانەی خۆتیان پێ ببەخشی.

وەڵامی گەشەپێدەران

پێش ئەوەی پێداچوونەوەکەم بسڕدرێتەوە، گەشەپێدەرانی پێوەکراوەکە نامەیەکیان بۆ ناردبووم. دەڵێن لەوەبەدوا هەوڵ دەدەن زیاتر لەگەڵ بەکارهێنەران ڕوون بن، کە پێوەکراوەکە چارەسەرێکی ژمێریاریی تەواو نییە. هەوڵ دەدەن کێشەکانی ناردبووم چارەسەری بکەن. هەروەها نەخشەڕێگایەکی گشتیی دروست بکەن دەربارەی پلانەکانیان.

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *