دەستکاریکەری ماڵپەڕ

دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە ڕێگەت پێ دەدات دیزاینی تەواوی ماڵپەڕەکەت بکەیت، لە سەرپەڕەوە بۆ ژێرپەڕە و هەموو شتەکانی نێوانیان. لەگەڵ بڵۆکەکان ڕێگەت پێ دەدات سەرجەم خواستەکانت بەدیبهێنیت.

هەنگاوەکانی دروستکردنی ماڵپەڕ

لە دروستکردنی ماڵپەڕێکدا سێ هەنگاوی سەرەکییمان هەیە. دیزاین، جێبەجێکردن و بڵاوکردنەوە. دیزاینەران ماڵپەڕ و بەرنامە بەکاربەرییەکان لە ڕێگەی بەرنامەکانی دیزاینەوە دروست دەکەن. کاتێک دیزاینەرێک دیزاینی ماڵپەڕێک ئامادە دەکات، پێویستە ئەو دیزاینە جێبەجێ بکرێت. دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە لەو هەنگاوەدا لەگەڵت دەبێت و ئەو دیزاینەی دەتەوێت جێبەجێی دەکەیت. یان ڕەنگە تۆ ماڵپەڕێک بۆ خۆت دروست بکەیت بەبێ ئەوەی پێشتر دیزاینت کردبێت، یان دیزاینەرێک پەڕگەی دیزاینەکەی بۆ ناردبیت. ئەمەش زۆر ئاسایییە، چونکە لە ڕێگەی شێوەئاسا و داڕێژەکانەوە دەتوانیت بە کاتێکی کەم ماڵپەڕێکی جوان دروست بکەیت.

یەکەم دەرکەوتنی دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە

دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە بۆ یەکەمین جار لە وەشانی 5.9ی وۆردپرێسدا ناسێنرا. بەڵام وۆردپرێس لە وەشانی 5.0 دا دەستکاریکەری بڵۆکی ناساند. واتە دوای 9 وەشان لە بەردەستبوونی دەستکاریکەری بڵۆک، دەستکاریکەری ماڵپەڕ ناسێنرا. وۆردپرێس لە سەرەتای دروستبوونییەوە دەستکاریکەری کلاسیکی بەکاردەهێنا بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکان. خۆی لە دەستکاریکەرێک دەبینییەوە لەگەڵ چەند ڕێکخستنێک بۆ دەستکاریکردنی نووسین و وێنەکانت. ئەمە بۆ کاتی خۆی گونجاو بوو، بەڵام چیتر هەڵبژاردەیەکی دروستی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆک و دروستکردنی ماڵپەڕ نییە. چونکە لەگەڵ بنەما نوێیەکانی وێب و دیزاینی وێب ناگونجێت.

گوتنبێرگ و ناساندنی دەستکاریکەری بڵۆک

بۆ ئەم مەبەستە وۆردپرێس هەستا بە پلاندانان بۆ دروستکردن و گەشێپێدانی پڕۆژەیەک بە ناوی گوتنبێرگ. لە ژێر ناوی یۆهانس گووتنبێرگ. ئەو کەسەی پیشەی چاپی بە ئەوروپا ناساند. ئامانج لە گوتنبێرگ دروستکردنی دەستکاریکەرێک بوو، کە توانای دیزاین و جێبەجێکردن و بڵاوکردنەوەی پەڕە و بابەتەکانی هەبێت لەسەر بنەمای بڵۆکەکان. هەر بۆیە وەشانی 1.0ی گوتنبێرگ وەکو پێوەکراوێکی سەربەخۆ لە ساڵی 2017 بڵاوکرایەوە. بەڵام لەگەڵ وەشانی 5.0ی وۆردپرێس لە 6 کانوونی یەکەمی 2018 بەتەواویی هاتە ناو خوودی وۆردپرێس و دەستکاریکەری بڵۆک ناسێنرا. لە پاش سێ ساڵ گەشەپێدان و داهێنانی بەردەوام لەلایەن دیزاینەر، گەشەپێدەران و بەشداربووانی دڵسۆزی وۆردپرێس. دەستکاریکەری بڵۆک گەیشتە ئەو ئاستەی توانای دروستکردنی ماڵپەڕێکی تەواوی هەبێت. هەر بۆیە لە 25 کانوونی دووەمی 2022 دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە ناسێنرا.

ڕووکاری بڵۆک

لەگەڵ ناساندنی دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە ڕووکاری بڵۆکیش ناسێنرا. ڕووکاری بیست بیست و دوو یەکەمین ڕووکاری فەرمیی وۆردپرێس بوو لەسەر بنەمای بڵۆکەکان. ڕووکاری بڵۆک بەتەواویی جیاوازە لە ڕووکاری کلاسیک. بۆیە گرنگە دەربارەی ڕووکارەکانی بڵۆک بزانیت، چونکە بۆ دەستگەیشتن بە دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە، پێویستە ڕووکاری ماڵپەڕەکەت ڕووکاری بڵۆک بێت. هەندێک جار دەپرسن چۆن بزانم ڕووکاری بڵۆک بەکاردەهێنم؟ بڕۆ سەر دەرکەوتن. ئەگەر دەستکاریکەرت بینی واتە ڕووکاری بڵۆک بەکاردەهێنیت. ئەگەر کڕیارخوازکردنت بینی، کەواتە ڕووکاری کلاسیک بەکاردەهێنیت و ناتوانیت دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە بەکاربهێنیت. مەگەر ڕووکارەکەت چەندڕەگەز بێت.

دامەزراندنی ڕووکاری بڵۆک

کاتێک وۆردپرێس دادەمەزرێنیت. خۆی ڕاستەوخۆ بە دوایین ڕووکاری فەرمیی وۆردپرێسەوە دادەمەزرێت. دوایین ڕووکار، ڕووکارێکی بڵۆکە. بەڵام بۆ ئەوەی لە کاتی گەڕان و دامەزراندنی ڕووکارەکاندا، ڕووکاری بڵۆک بدۆزیتەوە.

  1. بڕۆ سەر دەرکەوتن > کرتە بکە لە ڕووکارەکان.
  2. کرتە بکە لە زیادکردنی ڕووکار.
  3. لە لیستەکەی سەرەوە کرتە بکە لە ڕووکارەکانی بڵۆک. سەرجەم ئەو ڕووکارانەی لەم سەرخشتەیە دەردەکەون ڕووکاری بڵۆکن. زیاتر لە هەزار ڕووکاری بڵۆک لە پێڕستی ڕووکارەکانی وۆردپرێس بەردەستە.
  4. هەر ڕووکارێکت ویست دیاریبکە. دەتوانیت کرتە بکەیت لە پێشبینین بۆ خوێندنەوەی پوختەیەک، هەروەها بینینی شێواز و دەرکەوتنی ڕووکارەکە. ئەگەر ویستت دایبمەزرێنیت، کرتە بکە لە دامەزراندن. پاشان کرتە بکە لە چالاککردن.

کردنەوەی دەستکاریکەری ماڵپەڕ

بۆ ئەوەی دەستکاریکەری ماڵپەڕ بکەیتەوە.

  1. بڕۆ سەر دەرکەوتن، پاشان کرتە بکە لە دەستکاریکەر.
  2. ئێستا دەستکاریکەری ماڵپەڕ کراوەتەوە.
  3. هەر کاتێک دەستکاریکەری ماڵپەڕ دەکەیتەوە، پەڕەی ماڵەوەی ماڵپەڕەکەت پیشان دەدات. جا پەڕەیەک بێت کە خۆت دیاریت کردبێت وەکو پەڕەی سەرەتا. یان داڕێژەی دوایین بابەتەکان کە وۆردپرێس وەکو بنەڕەت دایدەنێت بۆت.
  4. ئەگەر کرتە لە هەر شوێنێکی پەڕەکە بکەیت، ڕاستەوخۆ دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە دەتبات بۆ ناو دەستکاریکەرەکە تا بتوانیت ئەو پەڕە\داڕێژەیە دەستکاری بکەیت. بەڵام بۆ ئێستا با واز لەوە بهێنین. بۆ ئەوەی لاتەنیشتی دەستە ڕاست باس بکەین.
  5. لە لاتەنیشتی ڕاست، لە بەشی سەرەوە نیشانەی پێناسی ماڵپەڕەکەت دەبینیت. ئەگەر نیشانەی پێناس و وێنۆچکەت دانەنابێت بۆ ماڵپەرەکەت، ئەوە نیشانەی پێناسی وۆردپرێس لەوێ جێگیر دەبێت. بە کرتە کردن لەو نیشانەی پێناسە، دەگەڕێیتەوە بۆ داشبۆرد.
  6. تەنیشت نیشانەی پێناس ناوی ماڵپەڕەکەت نووسراوە. ئەگەر کرتەی لێ بکەیت، دەتبات بۆ پەڕەی ماڵەوەی ماڵپەڕەکەت.
  7. هەروەها وێنۆچکەی گەڕان دەبینیت، ئەمە بۆ کردنەوەی تەختی فەرمانە. تەختی فەرمان یەکێکە لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی وۆردپرێس. چەندین فەرمانی لەخۆگرتووە، هەر یەکێک لەو فەرمانانە بەخێرایی کردارێکت بۆ ئەنجام دەدات. بۆ نموونە دەتوانیت کرتە بکەیت لە “پەڕەیەکی نوێ زیاد بکە” تەختی فەرمان ڕاستەوخۆ دەتبات بۆ دروستکردنی پەڕەیەکی نوێ. یان دەتوانیت گەڕان بۆ ناوی شێوەئاسا، داڕێژەکان بکەیت و ڕاستەوخۆ بڕۆیت بۆیان. بۆ ئەوەی تەختی فەرمان بکەیتەوە کرتە بکە لە وێنۆچکەی گەڕانەکە. یان (Ctrl + K) لە ویندۆز و لینوکس، (⌘ + K) لە ماک. پاشان گەڕان بکە بۆ ئەو فەرمانەی دەتەوێت.
  8. لە خوار ئەوانە پێنج بڕگەی سەرەکیی دەبینیت. کە بریتیین لە (ڕێدۆزی، شێوازەکان، پەڕەکان، داڕێژەکان و شێوەئاساکان). هەر یەکێک لەوان کۆمەڵێک ڕێکخستنن بۆ دیزاین، دروستکردن و کڕیارخوازکردنی ماڵپەڕەکەت.
  9. وێنۆچکەی < دەبینیت. ئەمە هەمیشە دەتباتەوە بۆ پەڕە\ڕێکخستنی پێشوو. ئەگەر لەسەر یەکەمین پەڕەی دەستکاریکەری ماڵپەڕەکەش بیت، دەتباتەوە بۆ داشبۆرد.

شێوازەکان لە کاتی دەستکاریکردن

لە کاتی دەستکاریکردنی پەڕە، داڕێژە و شێوەئاساکان لە ناو دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە، تەنیا یەک هەڵبژاردەت هەیە کە لە دەستکاریکەری بڵۆک نییە. ئەویش شێوازەکانە.

مەبەستمان لەوەیە کاتێک دەست دەکەیت بە دەستکاریکردنی پەڕە، داڕێژە و شێوەئاساکان. لە ڕاستیدا دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە، دەستکاریکەری بڵۆکت بۆ دەکاتەوە. واتە هەمان ئەو دەستکاریکەرە دەبینیت، کە لە کاتی دروستکردنی پەڕە و بابەتەکان دەیبینیت. بەڵام هەڵبژاردەی شێوازەکان، کە دەکەوێتە بەشی سەرەوە و لای چەپ، تەنیا کاتێک دەردەکەوێت کە لە ناو دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە بیت. کاتێک کرتەت لێ کرد، شێوازەکانت بۆ دەکاتەوە. هۆکاری ئەمەش بریتییە لەوەی کاتێک لە ناو دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە کار دەکەیت، پێویستە سەرجەم شێوازە جیهانییەکان لەبەردەستتدا بن. چونکە دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە هێزی دەستکاریکردنی تەواوی ماڵپەڕەکەت لە یەک شوێن پێ دەدات. بۆ ئەوەی لەسەر تەواوی تایبەتمەندی و ڕێکخستنەکانی شێوازەکان بخوێنیتەوە، سەردانی شێوازەکان بکە.

(CSS)ی زیادە

یەکێک لە تایبەتمەندییە بەهێزەکانی وۆردپرێس، بۆ هەمیشە زیادکردنی (CSS)ی خۆت و ڕووکاری وەچە بووە. کاتێک ڕووکارێک دادەمەزرێنیت و چالاکی دەکەیت. مەرج نییە هەموو کاتێک داواکارییەکانت پڕ بکاتەوە. هەر بۆیە گەشەپێدەران و دیزاینەران، ڕووکارەکە دەستکاری دەکەن و کڕیارخوازی دەکەن. بەزۆریی یان دەستکاریی (CSS)ی ڕووکارەکە دەکەن، یان هی خۆیان زیاد دەکەن. بەڵام کێشەکە لەوێوە سەرهەڵدەدات کە ئەگەر دەستکاریی پەڕگەی (style.css)ی ڕووکارەکەت بکەیت، هەر کاتێک نووسەری ڕووکارەکە بەڕۆژکردنەوەی نارد. تەواوی دەستکارییەکانی تۆ لەناو دەچێت. هەر بۆیە وۆردپرێس هەمیشە تایبەتمەندیی ڕووکاری وەچە و (CSS)ی زیادەی پێشکەش کردووە. هەندێک لە گەشەپێدەران دڵخۆشن بە ڕووکاری وەچە. ڕووکاری وەچە پشت دەبەستێت بە ڕووکاری باوان. بۆ نموونە دەکرێت تۆ ڕووکاری بیست بیست و پێنج بەکار بهێنیت. داتمەزراندووە و چالاکت کردووە. بەڵام بۆ ئەوەی شێوەئاسای نوێ زیاد بکەیت و دەستکارییەکانی خۆت جێگیر بکەیت. ڕووکاری بیست بیست و پێنجی وەچە (یان هەر ناوێکی تر) دادەمەزرێنیت و چالاکی دەکەیت. لەم کاتەدا وۆردپرێس دەزانێت ئەم ڕووکارە نوێیە وەچەیە و پشت بە ڕووکاری بیست بیست و پێنج دەبەستێت. لەم کاتەدا هەردوو ڕووکارەکە دامەزراون. چونکە پێویستیان بە یەکترە. هەروەها کاتێک وۆردپرێس بەڕۆژکردنەوەیەکی نوێی بۆ ڕووکاری بیست بیست و پێنج نارد. سەرجەم دەستکاری و کڕیارخوازکردنەکانی تۆ دەمێنێتەوە. چونکە لە ڕووکاری وەچە ئەنجامت داوە.

(CSS)ی زیادەش هەمان تایبەتمەندیت پێ دەبەخشێت. دەتوانیت (CSS)ی خۆت زیاد بکەیت و بیچەسپێنیت بەسەر ڕووکارەکەتدا. تەواوی ئەو کۆدەی نووسیوتە، لە ناو بنکەدراوەی ماڵپەڕەکەت پاشەکەوت دەکرێت. هەر بۆیە بەڕۆژکردنەوەی ڕووکارەکەت کۆدەکانت ناسڕێتەوە. هەندێک کەس ئارەزووی دروستکردنی ڕووکاری وەچە ناکەن، بەتایبەت دوای ناساندنی ڕووکاری بڵۆک، چونکە هەموو شتێک لە دەستکاریکەری ماڵپەڕەکەوە بەڕێوە دەبرێت. لەگەڵ ئەوەش ئامانجی سەرەکیی ناساندنی دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە و ڕووکارەکانی بڵۆک، ئەوە بوو کە ماڵپەڕێک دروست بکەیت بە بێ نووسینی کۆد. هەر بۆیە (CSS)ی زیادە باشترین تووڵە بۆ ئەنجامدانی سەرجەم گۆڕانکارییەکانت بەئاسانیی.

بۆ ئەوەی دەستت بە (CSS)ی زیادە بگات

  1. بڕۆ سەر دەرکەوتن.
  2. کرتە بکە لە دەستکاریکەر.
  3. کرتە لە پەڕەی ماڵەوەی ماڵپەڕەکەت بکە (یان هەر پەڕە، داڕێژە، شێوەئاسایەک).
  4. کرتە لە شێوازەکان بکە.
  5. کرتە لە سێ خاڵەکە بکە تەنیشت x لە دەستەچەپی سەرەوە.
  6. کرتە لە (CSS)ی زیادە بکە.
  7. ئێستا دەتوانیت (CSS)ی خۆت بنووسیت. ئەگەر لەسەر پەڕەی مەبەست بیت، ڕاستەوخۆ گۆڕانکارییەکان لە دەستکاریکەرەکەوە دەبینیت.
  8. کرتە بکە لە پاشەکەوتکردن.

ڕووداوتۆمارگەری

  • 06/07/2025 بابەت دروستکرا.

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *