داڕێژە

وۆردپرێس، داڕێژەکان بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی گەڵاڵەبەندی و پێکهاتەی بابەت و پەڕەکان. چەند داڕێژەیەک هەن کە بنەڕەتن و لەگەڵ هەموو ڕووکارەکان دروست دەبن.

  • داڕێژەی ماڵەوە\سەرەتا، پەڕەی ماڵەوەی ماڵپەڕەکەت پیشان دەدات. ئەگەر لە ڕێکخستنەکان خوێندنەوە، پەڕەی ماڵەوە بکەیت بە دوایین بابەتەکان.
  • داڕێژەی نوانە، پەڕەی نوانەی سەرجەم بابەتەکانی بڵۆگەکەت پیشان دەدات.
  • داڕێژەی پەڕە، پەڕەکانی ماڵپەڕەکەت پیشان دەدات، ئەگەر داڕێژەیەکی دیاریکراو بەکارنەبرابێت بۆ پەڕەکە.
  • زۆرێک لە ڕووکارەکانی بڵۆک، داڕێژەی پەڕەی تەنیایان لەگەڵە. کە دەتوانیت بابەتە تەنیاکان کڕیارخواز بکەیت و بەو شێوەیە پیشانی بدەیت کە دەتەوێت. داڕێژەی 404 بۆ کڕیارخوازکردنی پەڕەی 404. داڕێژەی گەڕان بۆ کڕیارخوازکردنی پەڕەی ئەنجامەکانی گەڕان. هەروەها داڕێژەی ئەرشیف، بۆ پیشاندانی پەڕەی هاوپۆلەکان و هتد.

بەڵام جگە لەوانە، ئەگەری هەیە ڕووکارەکەت چەندین داڕێژەی تریشی لەگەڵ بێت. دەشتوانیت خۆت داڕێژەکان دروست بکەیت.

مەبەستمان لە چییە کاتێک دەڵێین داڕێژەیەک پەڕەیەک پیشان دەدات؟

کاتێک دەڵێین داڕێژەی بابەتی تەنیا، بابەتەکانی بڵۆگەکەت پیشان دەدات. واتای ئەوەیە ئێمە داڕێژەیەکمان دروستکردووە و ئەرکی پیشاندانی بابەتەکانمان پێداوە. لەم داڕێژەیەدا دەستنیشانی دەکەین ناونیشانی بابەتەکە چۆن دەبکەوێت؟ ئایا بابەتەکە وێنەی لەگەڵ بێت یان نا. ئایا جۆرەپیتەکان کامانەن؟ دواتر کاتێک داڕێژەکە پاشەکەوت دەکەین، ئیتر سەرجەم بابەتەکانی بڵۆگەکەت بەپێی دیزاینی داڕێژەکەت پیشان دەدرێن.

دەستکاریکەری داڕێژە

لە ڕێگەی دەستکاریکەری داڕێژەوە، سەرجەم داڕێژەکانت دەبینیت، ئەوانەی لەگەڵ ڕووکارەکەتن، هەروەها ئەوانەی خۆت دروستت کردوون. پاشان هەر لە ڕێگەی دەستکاریکەرەکەوە دەتوانیت دەستکارییان بکەیت. بۆ ئەوەی دەستت بگات بە دەستکاریکەری داڕێژە، مەرجە ڕووکاری بڵۆک بەکاربهێنیت. ڕووکاری بڵۆک واتە ڕووکارێک کە لەسەر بنەمای بڵۆکەکان کار دەکات. سەرجەم بەشەکانی ماڵپەڕەکەت، کە ڕێدۆزی، سەرپەڕە، ناوەڕۆک و ژێرپەڕە، هەموویان لە بڵۆک دروستکراون.

وۆردپرێس چەندین بڵۆکی ناوازە پێشکەش دەکات. دەتوانیت هەموو ئەو بڵۆکانەش لە دروستکردنی داڕێژەکانت بەکاربهێنیت. بۆ دۆزینەوە ڕووکارەکانی بڵۆک بڕوانە ئێرە.

چۆن دەستکاریکەری داڕێژە بکەینەوە؟

لە ڕێگەی دەستکاریکەری بڵۆک

هەر کاتێک پەڕە\بابەتێکت دروستکرد یان دەستکاریی کرد لە ڕێگەی دەستکاریکەری بڵۆک. دەتوانیت بەئاسانیی دەستت بە داڕێژەکەی بگات و دەستکاریی بکەیت.

  1. بۆ دروستکردنی پەڕە یان بابەت. کرتە بکە لە بابەتەکان > زیادکردنی بابەت. یان پەڕەکان > زیادکردنی پەڕە.
  2. بۆ دەستکاریکردنی پەڕە یان بابەت. کرتە بکە لە بابەتەکان > هەموو بابەتەکان > دەستکاری. یان پەڕەکان > هەموو پەڕەکان > دەستکاری.
  3. کاتێک ئەوەت کرد، دەستکاریکەری بڵۆک دەکرێتەوە.
  4. بچۆرە سەر ڕێکخستنەکانی پەڕە\بابەت لە لاتەنیشتی چەپ.
  5. کرتە بکە لە ناوی داڕێژەکە. سندووقێکت بۆ دەکرێتەوە. کرتە بکە لە دەستکاریکردنی داڕێژە.
  6. ئەمە دەستکاریکەری داڕێژەکەت بۆ دەکاتەوە. لێرە دەتوانیت سەرجەم ئەو گۆڕانکارییانەی دەتەوێت ئەنجامیان بدەیت. بۆ گەڕانەوە، کرتە بکە لە گەڕانەوە لە بەشی سەرەوە.
  7. کاتێکیش تەواو بوویت لە دەستکاریکردنی پەڕە\بابەتەکەت. کرتە بکە لە بڵاوکردنەوە. ئەمە سەرجەم گۆڕانکارییەکان پاشەکەوت دەکات. هەم گۆڕانکارییەکانی داڕێژەکە، هەم پەڕە\بابەتەکەت.
  8. کرتە بکە لە پاشەکەوتکردن بۆ جێگیرکردن.

لە ڕێگەی دەستکاریکەری ماڵپەڕ

دەتوانیت دەستت بە داڕێژەکان بگات لە ڕێگەی دەستکاریکەری ماڵپەڕەکەوە. دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە تەواوی داڕێژەکانت پیشان دەدات، سەرجەم ئەو کردارانەش کە دەتوانیت ئەنجامیان بدەیت لەوێ بەردەستن.

  1. بۆ ئەوەی دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە بکەیتەوە، کرتە بکە لە دەرکەوتن > دەستکاریکەر.
  2. ئێستا دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە کراوەتەوە. کرتە بکە لە داڕێژەکان.
  3. ئەمەی دەیبینیت دەستکاریکەری داڕێژەکەیە. کۆمەڵێک ڕێکخستنت لەبەردەستدایە، با باسیان بکەین.
  4. لە لاتەنیشتی ڕاست، چەند هەڵبژاردەیەک دەبینیت. دەتوانیت کرتە لە سەرجەم داڕێژەکان بکەیت، کە ئەمە هەموو داڕێژەکانت بۆ دەخاتەڕوو. ئەوانەی خۆت دروستت کردوون و ئەوانەش کە لەگەڵ ڕووکارەکەن. دەشتوانیت کرتە لە ناوی ڕووکارەکەت بکەیت. ئەمە تەنیا داڕێژەکانی ڕووکارەکەت پیشان دەدات.
  5. لە سەرەوەی دەستکاریکەرەکە و لە دەستی ڕاست، دەتوانیت گەڕان بۆ ئەو داڕێژەیە بکەیت کە دەتەوێت.
  6. لە سەرەوەی دەستکاریکەرەکە و لە دەستی چەپ، دەتوانیت چۆنێتیی دەرکەوتنی داڕێژەکان دیاریبکەیت، بە تۆڕ دەربکەون، بە خشتە، یان بە لیستە. هەروەها کۆمەڵێک ڕێکخستنت لەبەردەستە بۆ پۆلێنکردن و ڕیزکردن.
  7. لە ناو داڕێژەکاندا کرتە لە هەر داڕێژەیەک بکەیت، ڕاستەوخۆ دەستکاریکەرەکە دەکرێتەوە و دەتوانیت دەستکاریی داڕێژەکە بکەیت.

دروستکردنی داڕێژەی خۆت

جگە لەو داڕێژانەی لەگەڵ ڕووکارەکەت و وۆردپرێس بەردەستە. دەتوانیت خۆت داڕێژەی دەستکرد دروست بکەیت. دروستکردنی داڕێژەی خۆت تایبەتمەندییەکی ناوازەیە و سوودی زۆری هەیە. نموونەیەک لە دروستکردنی داڕێژەی دەستکرد برتییە لە هەبوونی دوو جۆرە بابەت. وەکو دەزانیت وۆردپرێس خۆی جۆرە بابەتی بنەڕەتی لەگەڵدایە بە ناوی بابەتەکان. بەڵام دەتوانیت جۆرە بابەتی خۆت دروست بکەیت. بۆ نموونە جۆرە بابەتێک بەناوی هەواڵ. لەم کاتەدا، ناتەوێت هەمان ئەو داڕێژەیەی بابەتەکانت پیشان دەدات، هەواڵەکانیش پیشان بدات. بۆیە داڕێژەیەکی نوێ بۆ جۆرە بابەتی هەواڵ دروست دەکەیت و دەیچەسپێنیت بەسەریدا. لەوەبەدوا، هەر بابەتێکت لە هەواڵەکان بڵاوکردەوە، ئەو بابەتە داڕێژەی هەواڵەکان بەکاردەهێنێت.

  1. سەرەتا دەبێت دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە بکەیتەوە. کرتە بکە لە دەرکەوتن > دەستکاریکەر.
  2. ئێستا دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە کراوەتەوە. کرتە بکە لە داڕێژەکان.
  3. کرتە بکە لە زیادکردنی داڕێژە.
  4. ئێستا پەنجەرەیەکت بۆ دەکرێتەوە. پرسیارت لێ دەکات، ئایا ئەو داڕێژە نوێیەی دروستی دەکەیت دەچەسپێت بەسەرچیدا. ئەگەر داڕێژە نوێیەکەت بۆ یەکێک لەوانەیە کە دیاریکردووە بۆت هەڵیبژێرە. ئەگەرنا، کرتە بکە لە داڕێژەی دەستکرد.
  5. ناوی داڕێژەکە بنووسە.
  6. ئەمە دەتبات بۆ دەستکاریکەری داڕێژەکە، دەتوانیت شێوەئاسایەک هەڵبژێریت و تەنیا دەستکاریی بکەیت. ئەگەرنا، کرتە لە پەڕاندن بکە.
  7. ئێستا دەتوانیت داڕێژەکەت دروست بکەیت، لە کۆتاییدا کرتە بکە لە پاشەکەوتکردن.

سڕینەوەی داڕێژە

دەتوانیت ئەو داڕێژانەی دروستت کردوون بیانسڕیتەوە. سڕینەوەی داڕێژەکانی ڕووکارەکەت ڕێگەپێدراو نییە. هۆکارەکەش ئەوەیە دەبێتە هۆی تێکشکانی ماڵپەڕەکەت.

  1. لە دەستکاریکەری داڕێژە، بچۆ سەر ئەو داڕێژەیەی دەتەوێت بیسڕیتەوە.
  2. کرتە لە سێ خاڵەکە بکە.
  3. سێ هەڵبژاردەت هەیە. دەتوانیت داڕێژەکە دەستکاریی بکەیت. ناوەکەی بگۆڕیت. یان بیسڕیتەوە.
  4. کرتە بکە لە سڕینەوە. پاشان سڕینەوە.

ڕووداوتۆمارگەری

  • 03/07/2025 بابەت دروستکرا.

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *