شێوازەکان

شێوازەکان ڕێگەت پێ دەدەن کە تەواوی شێوە و گەڵاڵەبەندیی ماڵپەڕەکەت لە یەک شوێن ڕێکبخەیت. پێشی دەڵێین شێوازە جیهانییەکان. بۆ ئەوەی ئاسان لەمە تێبگەین نموونەیەک دەهێنینەوە. ئەگەر ئێمە بەرنامەیەک بەکاربهێنین بۆ نووسینی بەڵگەنامەکان، بۆ نموونە لیبرە ئۆفیس. هەر کاتێک پەڕەیەکی نوێمان کردەوە و دەستمان کرد بە نووسین، دەتوانین جۆرەپیتی دەقەکانمان بگۆڕین بەوەی دەمانەوێت. با بڵێین (Noto Naskh Arabic). بەڵام چی ئەگەر ڕێکخستنێکمان هەبێت، کە هەموو جارێک بەڵگەنامەکانمان کردەوە، یان ویستمان لە پەڕەیەکی بەتاڵ بنووسین، بەشێوەیەکی بنەڕەت جۆرەپیتی بەڵگەنامەکە (Noto Naskh Arabic) بێت.

شێوازەکانیش کە بەشێکن لە دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە، هەمان ئەرکیان هەیە. هەر شتێک کە پەیوەندیی بە دیزاین، شێواز، گەڵاڵەبەندیی ماڵپەڕەکەتەوە هەبوو. لێرەوە ڕێکی دەخەیت. پاشان ئەو ڕێکخستنە دەچەسپێت بەسەر تەواوی پەڕە و بەشەکانی ماڵپەڕەکەت. بەڵام بەدڵنیایی، دواتر لە ناو پەڕە و داڕێژەکان دەتوانیت ڕێکخستنێکی نوێ بەکاربهێنیت.

کردنەوەی شێوازەکان

  1. کرتە بکە لە دەرکەوتن > دەستکاریکەر.
  2. کرتە بکە لە شێوازەکان.

پەڕتووکی شێواز

کاتێک لە دەستکاریکەری ماڵپەڕەکە شێوازەکان دەکەیتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە ناوازەکان بریتییە لە پەڕتووکی شێواز. هەر شتێک لە ماڵپەڕەکەتدا بیری لێ دەکەیتەوە، ڕەنگەکان، نووسین، دوگمەکان، وێنە، ڤیدیۆ و سەرجەم بڵۆکە بەردەستەکانی وۆردپرێس. هەموویان بە نموونەی زیندووەوە لە پەڕتووکی شێوازەکان دانراون بۆت. بۆ نموونە، هەر تەنیا ئەوەندە نییە کە ببینیت وێنەکان چۆن دەردەکەون. بەڵکو دەتوانیت دەستکاریی شێوازی دەرکەوتنەکەشی بکەیت.

بۆ ئەوەی پەڕتووکی شێوازەکان بکەیتەوە.

  1. کرتە بکە لە پەڕتووکی شێواز.
  2. دەتوانیت ڕەنگ و بڵۆکەکانی ماڵپەڕەکەت ببینیت.
  3. ویستت هەر کامیان دەستکاریی بکەیت، کرتەی لێ بکە.

جیاوازییەکانی شێواز، تەختەڕەنگەکان و نووسین

سێ تایبەتمەندیی ناوازە لە ناو شێوازەکان بوونی هەیە. هەرسێکیان زۆر جوان و خێرا کار دەکەن. ئەم سێ تایبەتمەندییە ڕێگەت پێ دەدەن: ڕەنگی ماڵپەڕەکەت بگۆڕیت، جۆرەپیت و نووسینی ماڵپەڕەکەت بگۆڕیت، یان هەردووکیان بەیەکەوە لە ڕێگەی جیاوازییەکانی شێواز. بۆ ئەوەی سوود لەم تایبەتمەندییانە وەربگریت، پێویستە گەڕان لە شێوازەکان بکەیتەوە.

  1. کرتە بکە لە گەڕان لە شێوازەکان.
  2. یەکەم هەڵبژاردە بریتییە لە جیاوازییەکانی شێواز، ئەم جیاوازییانە ڕووکارەکەت ئامادەی کردووە و پێشکەشتی دەکات. کاتێک کرتە لە جیاوازیی دڵخوازی خۆت دەکەیت، تەنیا تەختەڕەنگی ماڵپەڕەکەت ناگۆڕێت، بەڵکو جۆرەپیتەکانیش دەگۆڕێت. واتە تەنیا یەک کرتە تەواوی ماڵپەڕەکەت دەگۆڕێت بۆ ئەو دیزاینەی بەدڵتە!
  3. دووەم هەڵبژاردە بریتییە لە تەختەکان. ئەم هەڵبژاردەیە ناوازەیە ئەگەر دڵخۆش بوویت بە جۆرەپیتەکانت، واتە ناتەوێت هیچ شتێک لە نووسینەکانی ماڵپەڕەکەت بگۆڕێت. تەنیا دەتەوێت ڕەنگی نوێ تاقیبکەیتەوە.
  4. سێیەم هەڵبژاردە بریتییە لە نووسین. ئەم هەڵبژاردەیە ڕێگەت دەدات تەنیا جۆرەپیت و شێوازی نووسینی نوێ تاقیبکەیتەوە. بەبێ ئەوەی دەستکاریی ڕەنگەکان بکەیت.

نووسین

یەکەم بڕگە لە لیستەی شێوازەکان بریتییە لە نووسین. ئەمە کۆمەڵێک ڕێکخستنی ورد و پێشکەوتووە بۆ دەستکاریکردن و کڕیارخوازکردنی نووسین و شێوازی نووسین لە ماڵپەڕەکەت.

  1. کرتە بکە لە نووسین.
  2. یەکەم بەش بریتییە لە پیت چنی. ئەمە هاوشێوەی گەڕان لە شێوازەکان، ڕێگەت پێ دەدات کۆمەڵێک جۆرەپیت و شێوازی نووسینی ئامادەکراو تاقیبکەیتەوە.
  3. دووەم بەش بریتییە لە جۆرەپیتەکان. لەم بەشەدا ئەو جۆرەپیتانە دەبینیت کە لە ئێستادا چالاکن و ماڵپەڕەکەت بەکاریان دەهێنێت. لەگەڵ جۆرەپیتەکان جۆراوجۆرەکانیشیان دەردەکەوێت. مەبەستمان لە جۆراوجۆر بریتییە لە سەرجەم قەبارە و شێوازەکان کە جۆرەپیتێک لەگەڵ خۆی هەڵی دەگرێت. بۆ نموونە دەکرێت جۆرەپیتێک سێ جۆراوجۆری لەگەڵ بێت: (Normal, Bold, & Italic).
  4. بۆ ئەوەی جۆرەپیتەکانت دەستکاریی بکەیت و هیتریش زیاد بکەیت، کرتە بکە لە وێنۆچکەی ڕێکخستنەکان.
  5. سەرخشتەی یەکەم بریتییە لە ژێدەرگە. ئەمە سەرجەم جۆرەپیتەکانی خۆتە کە لە ئێستادا چالاکن. دەتوانیت بیانبینیت و دەستکارییان بکەیت.
  6. سەرخشتەی دووەم بریتییە لە بارکردن. ئەمە ڕێگەت پێ دەدات جۆرەپیتی خۆت باربکەیت و چالاکی بکەیت. فۆرماتە پشتگیریکراوەکان: .ttf، .otf، .woff، و .woff2.
  7. سەرخشتەی سێیەم بریتییە لە دامەزراندنی جۆرەپیتەکان. ئەم بەشە ڕێگەت پێ دەدات پەیوەست ببیت بە ڕاژەی جۆرەپیتەکانی گووگڵ. بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەیت، کرتە بکە لە ڕێگەدان بۆ دەستگەیشتن بە جۆرەپیتەکانی گووگڵ.ئاگاداربە کە هەر دانەیەک لە جۆرەپیتەکانی گووگڵ دیاریبکەیت، وۆردپرێس جۆرەپیتەکە دادەگرێتە ناو ماڵپەڕەکەت. واتە ماڵپەڕەکەت پشت بە ڕاژەکارەکانی گووگڵ نابەستێت بۆ چالاککردنی جۆرەپیتەکە.
  8. ئێستا سەرجەم جۆرەپیتەکانی گووگڵت لەبەردەستە و دەتوانیت بەکاریان بهێنیت. ئەوە هەڵبژێرە کە دەتەوێت.
  9. سێیەم بەش لە نووسین بریتییە لە بەشەکان. ئەمە پێکهاتووە لە جۆرەپیت و شێوازی دەرکەوتنی: دەق، بەستەرەکان، ناونیشانەکان، سەردێڕەکان، دوگمەکان. هەر کامیان بکەیتەوە، ڕێگەت پێ دەدات دەستکاریی جۆرەپیت و قەبارە و دەرکەوتنیان بکەیت.
  10. چوارەم بەش لە نووسین بریتییە لە قەبارەی جۆرەپیت. بەشێک لە خۆی دەگرێت بە ناوی ئامادەکراوەکانی قەبارەی جۆرەپیت کە دەتوانیت دەستکارییان بکەیت. ئەم ئامادەکراوانە ڕووکارەکەت پێشکەشیان دەکات و ناویان دەنێت. بۆ نموونە، لە ڕووکاری بیست بیست و پێنج. ئامادەکراوەکان بریتیین لە: بچووک، ناوەند، گەورە، زۆر گەورە و زۆر زۆر گەورە. کاتێک لە ماڵپەڕەکەت دەستکاریی نووسینێک دەکەیت، دەتوانیت ئەم ئامادەکراوانە بەکاربهێنیت بۆ دەستکاریکردنی قەبارەی نووسینەکە. بۆ نموونە ئەگەر نووسینێک بچووک بوو، دەتوانیت بیکەیت بە ناوەند. بەبێ ئەوەی پێویست بکات قەبارەی جۆرە پیتەکە بنووسیت.
    ئەگەر جگە لە ئامادەکراوەکانی ڕووکارەکەت هی ترت ویست، دەتوانیت هی خۆت زیاد بکەیت، بە کرتە کردن لە +ی خۆکردە.

ڕەنگەکان

دووەم بڕگە لە لیستەی شێوازەکان بریتییە لە ڕەنگەکان. ئەم بەشە ڕێگەت پێ دەدات بەتەواویی ڕەنگەکانی ماڵپەڕەکەت بەڕێوە ببەیت.

  1. کرتە بکە لە ڕەنگەکان.
  2. دەبینیت دوو بەش بوونی هەیە، تەختەڕەنگ و بەشەکان.
  3. کرتە بکە لە دەستکاریکردنی تەختەڕەنگ.
  4. لە بەشی یەکەم ڕەنگ و لاریت هەیە. وەکو دەبینیت لە ژێر ڕووکار کۆمەڵێک ڕەنگ ئامادەکراون. ئەم ڕەنگانە بەپێی شێواز و جۆری ڕووکارەکە دەگۆڕێن. دیزاینەران بەتەواویی سوودی ئەم ڕەنگە ئامادەکراوانە دەزانن. بەڵام با باسی بکەین کە سوودی چییە. کاتێک دیزاینەرێک بەرنامەکانی وەکو فیگما بۆ دیزاینی وێب، یان فۆتۆشۆپ و ئیلوسترەیتەر بۆ وێنە و کارە هونەرییەکان دەکاتەوە. یەکێک لە هەنگاوە سەرەتایییەکانی بریتییە لە ئامادەکردنی تەختەڕەنگ. بەشێوەیەکی گشتی ئەم ڕەنگانە لە نیشانەی پێناس و ناسنامەی نیشانەی بازرگانییەکەوە دێن. دیزاینەر ڕەنگەکان لە ناو تەختەڕەنگەکەدا ئامادە دەکات، وەک چۆن وێنەکێشێک ڕەنگەکانی تابلۆکەی لەسەر تەختەڕەنگەی ئامادە دەکات. دیزاینەر لە پرۆسەی کارکردنیدا، لەجیاتیی ئەوەی بەردەوام کۆدی ڕەنگەکان لە شوێنێکەوە ڕوونووس بکات، بەردەوام لە تەختەڕەنگەکەوە ڕەنگی بەش، ناونیشان دەق، سێبەر و سەرجەم توخمەکانی دیزاینەکەی بەکاردەهێنێت. وۆردپرێسیش هەمان تایبەتمەندیت پێشکەش دەکات. گریمان ماڵپەڕێکی بازرگانیی دروست دەکەیت. ڕەنگەکانی نیشانەی پێناس و ناسنامەی نیشانەی بازرگانییەکە بریتییە لە سوور، سپی و ڕەش. تۆ کۆدی ئەم سێ ڕەنگە ڕوونووس بکە و یەکجار لە وۆردپرێس بیناسێنە. ئیتر بۆ هەمیشە لەبەردەستت دەبن و دەتوانیت بەکاریان بهێنیت.
  5. جگە لە ڕەنگە پێشتر ئامادەکراوەکان دەتوانیت لە بەشی خۆکردە کرتە بکەیت لە + بۆ زیادکردنی ڕەنگی تر.
  6. کرتە لە لاری بکە بۆ زیادکردنی ڕەنگی دوو تۆن. بۆ نموونە لارییەک دروست بکە کە تێکەڵەیەکە لە شینی کاڵ و تۆخ.
  7. لە خوارەوە دەتوانیت کرتە لە تەختەکان بکەیت. بۆ گۆڕینی ڕەنگی ماڵپەڕەکە و سەرجەم بەش و توخمەکانی بەو تەختەڕەنگانە.
  8. هەر لە بەشی ڕەنگەکان و لە خوار تەختەڕەنگ، بەشەکان دەبینیت. کە پێکهاتووە لە: دەق، پاشبنەما، بەستەر، سەردێڕەکان، دوگمە، بەستەر، ڕاڤەکان، دوگمە و سەردێڕ. کرتە لە هەر کامیان بکەیت، دەتوانیت ڕەنگەکانیان بگۆڕیت. ئەو ڕەنگەی دیاری دەکەیت، دەچەسپێت بەسەر ئەو توخمە لە تەواوی ماڵپەڕەکە.

پاشبنەما

سێیەم بڕگە لە لیستەی شێوازەکان بریتییە لە پاشبنەما. ئەم بەشە ڕێگەت پێ دەدات بۆ دانانی وێنەیەک وەکو پاشبنەما بۆ ماڵپەڕەکەت.

  1. کرتە بکە لە پاشبنەما.
  2. کرتە بکە لە زیادکردنی وێنەی پاشبنەما.
  3. دوو هەڵبژاردەت هەیە. یان کرتە بکە لە کردنەوەی ژێدەرگەی ڕەنگاڵە، بۆ هەڵبژاردنی وێنەیەک لە ناو ژێدەرگەی ماڵپەڕەکەت. یان کرتە بکە لە بارکردن، بۆ بارکردنی وێنەیەک لە ناو کۆمپیوتەرەکەت.
  4. ئێستا وێنەکە وەکو پاشبنەما جێگیرکراوە.
  5. بۆ لابردنی وێنەکە، کرتە بکە لە سێ خاڵەکە. پاشان کرتە بکە لە ڕێکخستنەوە، یان دووبارە ڕێکخستنەوەی هەموو.

سێبەرەکان

چوارەم بڕگە لە لیستەی شێوازەکان بریتییە لە سێبەرەکان. ئەم بەشە ڕێگەت پێ دەدات بۆ دروستکردن و بەڕێوەبردنی چۆنێتیی دەرکەوتنی سەرجەم سێبەرەکانی ماڵپەڕەکەت.

  1. کرتە بکە لە سێبەرەکان.
  2. وەکو دەبینیت چەند شێوازێکی سێبەر ئامادەکراون. سێبەرەکان و چۆنێتیی دەرکەوتنیان پەیوەستە بە ڕووکارەکەتەوە. لە ڕووکاری بیست بیست و پێنج. سێبەرەکانی: سروشتی، قووڵ، توند، هێڵی دەرەکی و چیندار، بوونیان هەیە.
  3. کرتە لە هەر جۆرێکی سێبەر بکە.
  4. لە بەشی سەرەوە پێشبینینێکی سێبەرەکە دەبینیت. پاشان لە خوارەوە سێبەری دابەزیوو.
  5. کرتە بکە لە سێبەری دابەزیوو بۆ گۆڕینی ڕەنگ، شوێن، لێڵایی و بڵاوبوونەوەی سێبەرەکە.
  6. یان دەتوانیت سێبەرێکی تریشی بۆ زیاد بکەیت بە کرتەکردن لە +.
  7. جگە لە سێبەرە بنەڕەتەکان. دەتوانیت سێبەری خۆت دروست بکەیت. بە کرتە کردن لە + لە بەشی خۆکردە.

گەڵاڵەبەندیی

پێنجەم بڕگە لە لیستەی شێوازەکان بریتییە لە گەڵاڵەبەندیی. ئەم بەشە ڕێگەت پێ دەدات بۆ بەڕێوەبردنی دووری و فراوانییەکانی ماڵپەڕ و ناوەڕۆکەکانت.

  1. کرتە بکە لە گەڵاڵەبەندیی.
  2. یەکەم بڕگە بریتییە لە پانیی ناوەڕۆک. سەرجەم بەهاکانی ئەم بڕگانە ڕووکارەکەت دیاریکردووە. بۆ نموونە لە ڕووکاری بیست بیست و پێنج، پانیی ناوەڕۆک 645 پیکسڵ و پانیی فراوان 1340 پیکسڵە. پانیی ناوەڕۆک واتە پانیی دەقی بابەتەکانت. کاتێک بابەتێک دەنووسیت و بڵاوی دەکەیتەوە، دەتەوێت پانییەکەی چەند بێت؟ هەندێک خاوەن ماڵپەڕ دەیانەوێت ناوەڕۆکەکان تەسک بن و شێوازی تەلەفوونیان هەبێت. هەندێکیش دەیانەوێت فراوان بێت و تەواویی پانیی پەردەیەک بگرێتەوە.
  3. دووەم بڕگە بریتییە لە پانیی فراوان. دەتەوێت پانی ماڵپەڕەکەت بەشێوەیەکی گشتیی چەند بێت؟ کاتێک پەڕەیەک دروست دەکەیت، سەرجەم توخم و پڕگەکانی پەڕەکە ئەم پانییە بنەڕەتە بەکاردەهێنن. دیسانەوە ئەمەش دەکەوێتە سەر ئارەزووی دیزاینەر و خاوەن ماڵپەڕەکە.
  4. سێیەم بڕگە بریتییە لە ناوەخن. ناوەخن بەکاردێت بۆ دروستکردنی بۆشایی لە دەوروبەری ناوەڕۆکی توخمێک، لە ناوەوەی هەر چوارچێوەیەکی دیاریکراو. با ڕوونتری بکەینەوە، بیهێنە پێش چاوت سنوورێکی لاکێشەییت هەیە. لە ناو ئەو سنوورە لاکێشەیەدا دەنووسیت “وۆردپرێس” ئێستا وۆردپرێس بەتەواویی نووساوە بۆ سنوورە لاکێشەیییەکەوە. تۆ بۆ ئەوەی بۆشایییەک لە دەورەی وۆردپرێس دروست بکەیت و لە سنوورەکە دووری بخەیتەوە. ناوەخنی پێ دەدەیت. لەم بەشەدا دەتوانیت دەستکاریی ناوەخن بکەیت لە هەر چوار لاوە.
  5. چوارەم بڕگە بریتییە لە بۆشایی نێوان بڵۆک. ئەم بەشە ڕێگەت پێ دەدات دووریی بڵۆکەکان لە یەکترەوە ڕێکبخەیت. بۆ نموونە ئەگەر وێنەیەکت هەبێت، لە ژێر وێنەکەوە دەقێک بنووسیت. ئێستا وێنەکە بڵۆکێکە و دەقەکەش بڵۆکێک. دەتەوێت دووری نێوانیان چەند بێت؟
  6. دەتوانیت بە کرتە کردن لە سێ خاڵەکە هەموویان ڕێکبخەیتەوە بۆ بنەڕەت. یان کرتە لەو بڕگەیە بکە کە دەتەوێت و کرتە بکە لە ڕێکخستنەوە. یان کرتە بکە لە دووبارە ڕێکخستنەوەی هەموو، بۆ ڕێکخستنەوەی سەرجەمیان.

بڵۆکەکان

کۆتا بڕگە لە شێوازەکان بریتییە لە بڵۆکەکان. ئەم بەشە فراوانە ڕێگەت پێ دەدات سەرجەم بڵۆکەکانی وۆردپرێس کڕیارخواز بکەیت و دەستکارییان بکەیت.

  1. کرتە بکە لە بڵۆکەکان.
  2. دەتوانیت خانەی گەڕان بەکاربهێنیت بۆ دۆزینەوەی ئەو بڵۆکەی دەتەوێت.
  3. یان هەر دانەیەک لە بڵۆکەکان دیاریبکە و کرتەی لێ بکە.
  4. بۆ نموونە دەتوانیت کرتە لە پەرەگراف بکەیت. پاشان کڕیارخواز و دەستکاریی بکەیت لە تەواوی ماڵپەڕەکەت. تایبەتمەندیی ئەم بەشە بۆ بەڕێوەبردنی بڵۆکەکان ئەوەیە، دەتوانیت سەرجەم ڕێکخستنەکانی بڵۆکەکە دەستکاریی بکەیت. لە ڕەنگەوە بۆ جۆرەپیت و قەبارە و هەتا دوایی. هەمان شتە بۆ سەرجەم بڵۆکەکانی تریش، بۆ نموونە دەتەوێت چۆن وێنەکان دەربکەون؟ کرتە بکە لە بڵۆکی وێنە.

ڕووداوتۆمارگەری

  • 05/07/2025 بابەت دروستکرا.

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *