کاتی پێویست بۆ خوێندنەوە:
پێوەکراوەکان کارایی ماڵپەڕەکەت زیاد دەکەن. زیاتر لەوەی کە ناوکی وۆردپرێس، وەک سیستەمی بەڕێوەبردنی ناوەڕۆک، پێشکەشی دەکات. لەوانە بەڕێوەبردن و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆک، بەڕێوەبردنی بەکارهێنەران و هتد. هەر کاتێک ویستت تایبەتمەندییەک زیاد بکەیت، کە لە خودی وۆردپرێس بەردەست نییە. بۆ نموونە، ڕەنگە بتەوێت ڕووبەڕووی پۆستی نەخوازراو ببیتەوە، تایبەتمەندییەکانی (SEO) زیاد بکەیت بۆ ماڵپەڕەکەت، چاودێری چالاکی و هاتووچۆ بکەیت، یان ماڵپەڕەکەت بکەیتە ماڵپەڕێکی بازرگانیی ئەلیکترۆنی. پێوەکراوەکان ئەو کارەت بۆ دەکەن.
کێ پێوەکراوەکان دروست دەکات؟
هەموو کەسێک لە تەواوی جیهان. دەکرێت پێوەکراوێک تاکەکەسێک دروستی کردبێت، یان کۆمپانیایەک. بەگشتیی پاش ئەوەی ئەزموونی بەکارهێنانی وۆردپرێس دەکەیت، هێدی هێدی پەرەپێدەرە سەربەخۆکان و کۆمپانیاکان دەناسیت. بەڵام، هەموو کەسێک ئازادە لە دروستکردنی پێوەکراوی خۆی، تەنانەت تۆش. دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کردارێکی دیاریکراو، پێوەکراوێک دروست بکەیت. زیادی بکەیت بۆ ماڵپەڕەکەت. پێوەکراوەکان سکریپتی (PHP)ن. بۆیە شارەزاییت لەو زمانە پێویستە. ئەگەر هیچ شارەزاییەکت نەبوو، باشترە پشت بە ژیریی دەستکرد نەبەستیت.
پێوەکراوەکان لە کوێ بەردەستن؟
گەورەترین سەکۆی دۆزینەوە و داگرتنی پێوەکراوەکان، پێڕستی پێوەکراوی (WordPress.org)ە. لە ئێستادا 60,000 پێوەکراو ڕاژە دەکات. هەروەها بازاڕی گەورەش لە دەرەوەی ئیکۆسیستەمی وۆردپرێس بوونیان هەیە. بۆ نموونە: (Envato Market)، (Template Monster) و زیاتریش.
دەتوانم متمانە بە هەموو پێوەکراوێک بکەم؟
بەدڵنیایی نەخێر. وەک سەرەتا، پێشنیارم ئەوەیە تەنیا ئەو پێوەکراوانە بەکاربهێنە، کە لەسەر پێڕستی پێوەکراوی (WordPress.org) ڕاژەکراون. دوای ئەوە، ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکە.
- ئەو پێوەکراوانەی لەسەر (WordPress.org) ڕاژەکراون. تیمی پێداچوونەوەی پێوەکراوەکانی کۆمەڵگە، وردبینیی بۆ کردوون. دەتوانیت لە ڕووی کارایی، ئاسایش و پاراستنی دراوە، متمانەیان پێببەخشیت.
- مەرجە پەرەپێدەر و کۆمپانیای خاوەنی پێوەکراوەکە، ڕێز لە بنەڕەت و فەلسەفەی نەرمەواڵەی ئازاد بگرێت. مەرجە پێوەکراوەکە مۆڵەتی (GPL)ی هەبێت. زۆرینەی ڕەهای پێوەکراوەکانی (WordPress.org) بەو شێوەیەن. پێوەکراوەکانی دەرەوە، مەرج نییە.
- دەبێت متمانە بە پەرەپێدەر و کۆمپانیای خاوەنی پێوەکراوەکە بکەیت. ئەمە پێویستی بە ئەزموون و وەرگرتنی ڕای کەسانی شارەزایە. بەڵام، ئامۆژگاریی من ئەوەیە ئەگەر دڵنیا نەبوویت، مەبە بە بەکارهێنەر.
- هەموو پێوەکراوەکانی پێڕستی (WordPress.org) ئازاد و بێبەرانبەرن. هەندێکیان پێیان دەوترێت (پێوەکراوی کۆمەڵگە)، واتە بۆ هەتاهەتایە بێبەرانبەرن. ئەوانەی تر پێیان دەوترێت (پێوەکراوی بازرگانی)، واتە پێوەکراوەکە بێبەرانبەر کار دەکات، یان هەندێک تایبەتمەندیی سنووردارت پێشکەش دەکات. بەڵام بەرزکردنەوە و تایبەتمەندیی تر لەخۆدەگرێت کە بە پارەن.
- پێوەکراوەکانی ئەو پەرەپێدەر و کۆمپانیایانە بەکاربهێنە، کە هاوڕان لەگەڵ وۆردپرێس و بڕیارەکانی کۆمەڵگە، بە تایبەت تیمی ناوکی وۆردپرێس. چونکە پڕۆژەکە ڕێڕەوی هەیە، پێویستە ئەو پێوەکراوەی بەکاری دەهێنیت، هاوڕای ئەو ڕێڕەوە بێت. ئەو پێوەکراوانەی دژی ئەو ڕێڕەوەن و ئامادە نین پابەند بن پێی، وەشان بە دوای وەشاندا تووشی کێشەت دەکەن.
- پێوەکراوی ئەو پەرەپێدەر و کۆمپانیایانە بەکاربهێنە، کە ئەگەر کەمێکیش بێت خۆشەویستییان بۆ وۆردپرێس هەیە. ئەو پەرەپێدەر و کۆمپانیایانەی بۆ خڕکردنەوەی پارە هاتوون، زیانت پێ دەگەیەنن. هەروەها نەهاتوون بۆ ماوەیەکی زۆر بمێننەوە.
- بەردەوام سەرنجی ئەم پەڕەیە بدە. لێرەدا ئەو پێوەکراوانە ڕیز دەکەم کە بە کوردیی ناوەندی بەردەستن. من بۆیە ڕیزم کردوون، چونکە بە کوردی بەردەستن؛ بەڵام من تەنیا پێوەکراوی ئەو پەرەپێدەر و کۆمپانیایانە وەردەگێڕم، کە ئەو خاڵانەی سەرەوەیان تێدایە. ئەگەر ویستت بەرهەمێکی تری ئەو پەرەپێدەرانە بەکاربهێنیت کە لە لیستەکەدا نین، دڵنیایی تەواوت پێ دەدەم. با دەروونت ئارام بێت لە پشتبەستنیان.
- وەک چۆن سیستەمی کارگێڕی و نەرمەواڵەکان دەشکێنرێن (کراک). پێوەکراو و ڕووکارەکانی وۆردپرێسیش بە هەمان شێوە. تکایە هەست بە بەرپرسیارێتی بکە و دوور بکەوەرەوە لەو کارە. یەکەم: زۆرینەی پەرەپێدەر و کۆمپانیاکانی وۆردپرێس بچووکن و داهاتیان مامناوەندە. تاکەکەس یان خێزانێک دەیبەن بەڕێوە. نرخەکانیان بەو ڕادەیە زۆر نییە کە ئەنجامی ماندووبوونیان بدزرێت. دووەم: کاتێک کار بۆ ڕاژەخوازێک دەکەیت، ئەرکێکی پیشەیی و ڕەوشتییە ئەو کارەی بەرانبەر نەکەیت. دواجار ئەو پارەی پێ داویت، ئەگەر دەزانیت داهاتەکەت کەم دەکات، پارەیەکی زیاتری لێ داوا بکە.
- وریای پێداچوونەوەکان بە، هەموو کاتێک ناتوانیت پشتیان پێ ببەستیت. هەندێک لە پێوەکراوەکان ڕووبەڕووی ڕقی بەکارهێنەران دەبنەوە. ڕەنگە چەندین پێداچوونەوەی یەک ئەستێرە ببینیت، بەڵام کاتێک دەیانکەیتەوە، دەبینیت پێداچوونەوەکە ڕقێکی تاکەکەسی یان ڕێکخراوەییە، یان هەڵەتێگەیشتنە. بۆ نموونە ڕەنگە ئەم دۆخە لەسەر پێوەکراوی (WooCommerce) ببینیت. بەڵام بەگشتی پێداچوونەوەکان بێمانا یان نالۆژیکین. کەسەکە ڕەخنە دەگرێت چونکە لە هەزاران تایبەتمەندیی بێبەرانبەری پێوەکراوەکە، تایبەتمەندییەکی تری پێویستە و دەبێت پارەی بۆ خەرج بکات. یان ڕەخنە دەگرێت لەوەی (WooCommerce) وەڵامی چاتی ڕاستەوخۆیان نەداوەتەوە، لە کاتێکدا داوای پاڵپشتی لە ڕێگەی (WordPress.org)ەوە دەکرێت. زیاتر لە 7 ملیۆن بەکارهێنەر بێبەرانبەر پێوەکراوەکە بەکاردەهێنن. کۆمپانیاکە ناتوانێت بە چاتی ڕاستەوخۆ وەڵامیان بداتەوە. بۆیە ڕەنگە پێوەکراوێکی بەناوبانگ ببینیت کە 3 لە 5 ئەستێرە یان کەمتری هەبێت. گوێی پێمەدە.
- سەرنجی دوایین ڕێکەوتی بەڕۆژکردنەوە بدە. ئەمە نیشانەیەکی باشە کە پەرەپێدەرانی پێوەکراوەکە چالاکن. ئەگەر پێوەکراوێکت بینی، نووسرابوو دوایین ڕێکەوتی بەڕۆژکردنەوە: 2 ساڵ و زیاتر پێش ئێستا. باشترە لێی دوور بکەویتەوە.
بەکارهێنانی پێوەکراو سنووری هەیە؟
نەخێر، بەڵام ئەگەر وریا نەبیت نەبوونی سنوور دەبێتە خاڵی لاواز. دەبێت بزانیت، پێوەکراوی کەم ≠ بە خێرایی، هەروەها پێوەکراوی زۆر ≠ بە خاوی. “خێرایی و خاوی” بابەتێکی درێژە و بە تەنیا پێوەکراوەکان کاری تێناکەن. بەڵام ئەم بابەتە تایبەتە بە پێوەکراوەکان، بۆیە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکە.
- بەتەواویی دڵنیابە کە پێوەکراوەکەت پێویستە، ئینجا دایبمەزرێنە. هەندێک پێوەکراو پێویستیی ڕەهان (Must-have). بۆ نموونە: دژە پۆستی نەخوازراو، (SMTP)، شیکردنەوە، (SEO)، بازرگانیی ئەلیکترۆنی (ئەگەر ویستت شت بفرۆشیت). ئیتر جگە لەوانە، تەنیا زیادکردنی تایبەتمەندییە. دڵنیابە پێوەکراوەکە زۆر پێویستە ئینجا بەکاریبهێنە.
- هەندێک لە خاوەن ماڵپەڕەکان، دوو یان زیاتر پێوەکراویان دامەزراندووە کە هەمان کار دەکەن. دوور بکەوەرەوە لەو کارە. بۆ نموونە: (Elementor) و (Bricks) هەردووکیان دروستکەری پەڕەن، بۆچی هەردووکیان دادەمەزرێنیت؟
- هەموو شتێک مەرج نییە پێوەکراوێکی بۆ دابمەزرێنیت. بۆ نموونە: من هەرگیز پێوەکراوێک دانامەزرێنم بۆ سوکەڵەکردنی وێنە. چونکە لە پاشبنەما سەرچاوەی ڕاژەکارەکەت بەکاردەهێنن کە خۆت پێویستت پێی هەیە. کۆمپیوتەرەکەی خۆت، یان ڕاژەیەکی دەرەکیی بەکاربهێنە بۆ سوکەڵەکردنی وێنەکانت.
- وەکو وتمان پێوەکراوی کەم ≠ بە خێرایی. زۆر کات خاوەن ماڵپەڕەکان دەڵێن تەنیا 5 پێوەکراوم دامەزراندووە، بەڵام ماڵپەڕەکەم خاوە. پێوەکراوەکان تەنیا هۆکار نین بۆ ئەو بابەتە. پێوەکراوی زۆر واتای ئەوە نییە هەموویان بەیەکەوە کار دەکەن و شڵەژان دروست دەکەن. هەندێک لەو ماڵپەڕانەی دروستم کردوون، نزیکەی 20 پێوەکراویان لەسەر دامەزراوە. بەڵام لە 300 میللی چرکەدا وەڵام دەدەنەوە.
چۆن پێوەکراو دابمەزرێنم؟
بە سێ ڕێگا دەتوانیت پێوەکراوەکان دابمەزرێنیت.
دامەزراندن لە پێڕستی پێوەکراوی (WordPress.org)
- بڕۆ سەر پێوەکراوەکان > زیادکردنی پێوەکراو.
- لە خانەی گەڕان ناوی ئەو پێوەکراوە بنووسە کە دەتەوێت. دەتوانیت بە کلیلەوشە، ناوی نووسەر و تاگ بگەڕێیت.
- لە ناو کارتەکاندا: دەتوانیت ناوی پێوەکراو، وەسفێکی کورتی پێوەکراو و ناوی نووسەرەکەی ببینیت. ئەگەر ویستت زانیاریی زیاتر بزانیت، کرتە بکە لە (زانیاریی زیاتر). لە خوارەوە: دەتوانیت پێداچوونەوەکان، ژمارەی دامەزراندن، دوایین ڕێکەوتی بەڕۆژکردنەوە ببینیت.
- بۆ دامەزراندنی پێوەکراو، کرتە بکە لە (دامەزراندن). ئاگاداربە، ئەمە تەنیا بوخچەی پێوەکراوەکە لە ناو پێڕستی (wp-content) دەکاتەوە. واتە پێوەکراوەکە هێشتا کار ناکات. کەمێک بووەستە تا دامەزراندن تەواو دەبێت. بەشێوەیەکی گشتی چەند چرکەیەکی پێ دەچێت.
- ئێستا کرتە بکە لە چالاککردن. بەم شێوەیەش پێوەکراوەکە چالاکە و کار دەکات. یان دەکرێت جارێ چالاکی نەکەیت، تەنیا دایبمەزرێنیت و کاتێکی تر چالاکی بکەیت. ئەو کات دەچیتە پەڕەی (پێوەکراوە دامەزراوەکان)، کرتە دەکەیت لە چالاککردن.
- ڕەنگە هەندێک پێوەکراو ببینیت، کە بە ڕەنگی شین لەسەریان نووسراوە (پێوەکراوی زیاتر پێویستە). ئەمە واتای ئەوەیە، هەتا ئەو پێوەکراوە دانەمەزرێنیت کە ئاماژەی پێ دراوە، پێوەکراوەکەی ئێستا دەیبینیت کار ناکات.
بارکردنی پەڕگەی (zip)
هەندێک جار، ئەو پێوەکراوەی دەتەوێت دایبمەزرێنیت، لە پێڕستی (WordPress.org) بەردەست نییە. دەکرێت وەشانی پێشکەوتوو بێت، کە لە بازاڕ یان ماڵپەڕی پەرەپێدەرەکە کڕیوتە. ئەم پێوەکراوانە گەڕانیان بۆ ناکرێت. بەڵکو پێویستە داتگرتبن بۆ ناو کۆمپیوتەرەکەت. پاشان باریان بکەیت بۆ ماڵپەڕەکەت.
- بڕۆ سەر پێوەکراوەکان > دامەزراندنی پێوەکراو.
- کرتە بکە لە (پێوەکراو بار بکە).
- پەڕگەی (zip)ەکە دیاری بکە و کرتە بکە لە دامەزراندن.
- دوای تەواوبوونی بارکردن و دامەزراندن. کرتە بکە لە (پێوەکراو چالاک بکە). بەم شێوەیەش پێوەکراوەکە چالاکە و کار دەکات. یان دەکرێت جارێ چالاکی نەکەیت، تەنیا دایبمەزرێنیت و کاتێکی تر چالاکی بکەیت. ئەو کات دەچیتە پەڕەی (پێوەکراوە دامەزراوەکان)، کرتە دەکەیت لە چالاککردن.
بارکردن لە ڕێگەی (FTP)
شێوازێکی تریش هەیە، ئەویش بارکردنە بە ڕێگەی (FTP). فێرکارییەکەی لێرە نانووسم، چونکە پێشنیاری ناکەم کەسانی سەرەتایی بەکاری بهێنن. ئەگەر دوو ڕێگەکەی یەکەم شکستیان هێنا. کەواتە کێشەیەکی سەرەکیی بوونی هەیە. پێویستە دڵنیایی لە پەیوەندییەکەت بکەیتەوە، یان پەیوەندی بە خانەخوێیەکەتەوە بکەیت. بەڵام بەکورتی، ڕێگەکە بریتییە لە پەیوەندیکردن بە ڕاژەکارەکەتەوە. دەکرێت ڕاژەخوازی (FileZilla) بەکاربهێنیت. پاشان بارکردنی بوخچەی پێوەکراوەکە بۆ پێڕستی public_html > wp-content > plugins. ئاگاداربە، نابێت (zip) بێت. دوای ئەوەی بارکردن تەواو بوو. پێوەکراوەکە لە پەڕەی (پێوەکراوە دامەزراوەکان) دەردەکەوێت. کرتە بکە لە چالاککردن.
بەڕۆژکردنەوەی پێوەکراوەکان
دوای دامەزراندنی پێوەکراوەکان، دەبینیت کە پێویستیان بە بەڕۆژکردنەوە دەبێت. بەڕۆژکردنەوەکان وەشانی نوێن، کە پەرەپێدەرانی پێوەکراوەکان بڵاوی دەکەنەوە. بەشێوەیەکی گشتی بەڕۆژکردنەوەکان بۆ ئەم مەبەستانەن:
- هەڵەیەک لە پێوەکراوەکە دۆزراوەتەوە، وەشانە نوێیەکە چارەسەری دەکات.
- تایبەتمەندیی نوێ زیادکراوە.
- پینەی ئاسایش نێردراوە.
- وەشانە نوێیەکە گونجانی لەگەڵە بۆ وەشانی نوێی: وۆردپرێس، (PHP)، ئەو پێوەکراوەی پشتی پێ دەبەستێت، یان هەر ژێدەرگەیەکی تر.
بە دوو ڕێگە دەتوانیت پێوەکراوەکان بەڕۆژبکەیتەوە.
پەردەی نوێکردنەوەکان
لە پەردەی نوێکردنەوەکان دەتوانیت هەموو شتێک بەڕۆژبکەیتەوە: وۆردپرێس، پێوەکراوەکان، ڕووکارەکان، وەرگێڕانەکان. بۆ ئەو مەبەستە، بڕۆ سەر پەڕەی سەرەکی > نوێکردنەوەکان. پێوەکراوەکان دیاریبکە، پاشان کرتە بکە لە (بەڕۆژکردنەوەی پێوەکراوەکان).
پەردەی پێوەکراوە دامەزراوەکان
دەتوانیت پێوەکراوەکان لە پەردەی پێوەکراوە دامەزراوەکانیش بەڕۆژبکەیتەوە. بۆ ئەو مەبەستە، بڕۆ سەر پێوەکراوەکان > پێوەکراوە دامەزراوەکان. دەتوانیت دانە دانە پێوەکراوەکان بەڕۆژبکەیتەوە بە کرتە کردن لە (ئێستا نوێی بکەوە). یان بە کۆمەڵ بەڕۆژیان بکەیتەوە، بە دیاریکردنی پێوەکراوەکان، هەڵبژاردنی نوێکردنەوە، پاشان چەسپاندن.
بەڕۆژکردنەوەی خۆکار
دەتوانیت دۆخی بەڕۆژکردنەوەی پێوەکراوەکان، بکەیت بە خۆکار. واتە هەر کاتێک وەشانێکی نوێی پێوەکراوەکە بەردەست بوو، ڕاستەوخۆ پێوەکراوەکە بەڕۆژبکەرەوە. ئاگاداربە ئەمە هەموو کاتێک پێشنیارکراو نییە. بە تایبەت لە پێوەکراوە ئاڵۆزەکاندا. چونکە ڕەنگە خۆت لەو کاتە لەسەر هێڵ نەبیت و ببێتە هۆی لەکارکەوتنی ماڵپەڕەکەت.
بۆ ئەو مەبەستە، بڕۆ سەر پێوەکراوەکان > پێوەکراوە دامەزراوەکان > چالاککردنی بەڕۆژکردنەوەی خۆکار. ئەگەر ویستت بەڕۆژکردنەوەی خۆکار ڕابگریت. هەمان کردار دووبارە بکەرەوە، ئەم جارە کرتە بکە لە ناچالاککردنی بەڕۆژکردنەوەی خۆکار.
دەتوانیت بە کۆمەڵ، پێوەکراوەکان بخەیتە سەر دۆخی بەڕۆژکردنەوەی خۆکار. بە دیاریکردنی پێوەکراوەکان، هەڵبژاردنی چالاککردنی بەڕۆژکردنەوەی خۆکار، پاشان چەسپاندن.
ناچالاککردن و سڕینەوەی پێوەکراوەکان
دەکرێت بۆ ماوەیەکی کاتی پێوەکراوەکان ناچالاک بکەیت. جا بۆ مەبەستی هەڵەدۆزین بێت، یان هەر هۆکارێکی تر. هەندێک جار بۆ دیاریکردنی کێشەیەک، یان بۆ دیاریکردنی پێکادان، پێویستە پێوەکراوەکان ناچالاک بکەیت. تا بزانیت کامیان بووەتە هۆی پێکادانەکە. بۆ ئەو مەبەستە، بڕۆ سەر پێوەکراوەکان > پێوەکراوە دامەزراوەکان. پاشان ئەو پێوەکراوە دیاریبکە کە دەتەوێت. کرتە بکە لە ناچالاککردن.
دەتوانیت بە کۆمەڵ پێوەکراوەکان ناچالاک بکەیت. بە دیاریکردنی پێوەکراوەکان، هەڵبژاردنی ناچالاککردن، پاشان چەسپاندن.
پێشنیاری من: تەنیا بۆ مەبەستی هەڵەدۆزین پێوەکراوەکان ناچالاک بکە. ئەگەر پێویستت بە پێوەکراوەکە نەما. پاش ناچالاککردن، بەتەواویی بیسڕەوە.
سڕینەوەی پێوەکراوەکان
هەر کاتێک پێویستت بە پێوەکراوێک نەما، دەتوانیت بیسڕیتەوە. پێش ئەوەی بتوانیت پێوەکراوێک بسڕیتەوە، دەبێت ناچالاکی بکەیت. بۆ ئەو مەبەستە، بڕۆ سەر پێوەکراوەکان > پێوەکراوە دامەزراوەکان. پاشان ئەو پێوەکراوە دیاریبکە کە دەتەوێت بیسڕیتەوە. کرتە بکە لە ناچالاککردن. کەمێک چاوەڕێ بکە تا پێوەکراوەکە ناچالاک دەکرێت. پاشان کرتە بکە لە سڕینەوە.
دەتوانیت بە کۆمەڵ پێوەکراوەکان بسڕیتەوە. بە دیاریکردنی پێوەکراوەکان، هەڵبژاردنی سڕینەوە، پاشان چەسپاندن.
ئاگاداربە: هەندێک لە پێوەکراوەکان، دوای سڕینەوەش دراوە بەجێدەهێڵن لە ناو بنکەدراوەکەت. بۆیە پەرەپێدەرانی پێوەکراوەکە، هەڵبژاردەیەک لە ناو ڕێکخستنەکانی پێوەکراوەکە دادەنێن. بەشێوەیەکی گشتی هەڵبژاردەکە دەڵێت: (سڕینەوەی دراوەی پێوەکراوەکە، دوای سڕینەوەی پێوەکراوەکە). پێویستە پێش ناچالاککردن و سڕینەوەی پێوەکراوەکە، ئەو هەڵبژاردەیە چالاک بکەیت. بۆیە پێش ناچالاککردنی هەر پێوەکراوێک، تەماشایەکی ڕێکخستنەکانی بکە. چاوێک بۆ ئەو هەڵبژاردەیە بگێڕە.
ڕووداوتۆمارگەری
- 16/01/2026 بابەت دروستکرا.
- 20/01/2026 زیادکردنی فێرکاریی بەڕۆژکردنەوە، ناچالاککردن و سڕینەوە.
وەڵامێک بنووسە