شێوەئاسا

شێوەئاساکان کۆکراوەیەکن لە بڵۆکی جیاواز، دەتوانیت زیادیان بکەیت بۆ بابەت و پەڕەکانت. دواتر دەتوانیت بە خواستی خۆت کڕیارخوازیان بکەیت، هەروەها ناوەڕۆکی خۆتی بۆ زیاد بکەیت. شێوەئاساکان یارمەتیدەرێکی گەورەن لە ئەزموونی بەکارهێنانی وۆردپرێس، چونکە کاتێکی زۆرت بۆ دەگەڕێننەوە لە پرۆسەی دیزاینکردنی ماڵپەڕەکەت. هەروەها یارمەتیدەرێکی باشن، تا بزانیت بڵۆکەکان چۆن لەگەڵ یەکتر بەکاردێن و ئاوێتەی یەک دەبن بۆ دروستکردنی ماڵپەڕی ناوازە.

شێوەئاساکان لە کوێ بەردەستن؟

ژێدەرگەی ڕووکارەکەت

کاتێک ڕووکاری بڵۆک بەکاردەهێنیت. بەشێوەیەکی گشتیی ڕووکارەکە خۆی چەندین شێوەئاسای جوان پێشکەش دەکات. هەروەها تایبەتمەندیی ناوازەی شێوەئاساکانی ڕووکارەکەت لەوەدایە، کە بەکارهێنانیان بەیەکەوە، وا دەکات هەست بە بوونی دیزاینێکی یەکگرتوو بکەیت لە تەواوی ماڵپەڕەکە.

پێڕستی شێوەئاسای بڵۆک

وۆردپرێس خۆی پێڕستێکی ناوازە پێشکەش دەکات. دەتوانیت سەردانی بکەیت لە ڕێگەی ئەم بەستەرەوە. لێرە دەتوانیت زیاتر لە 2000 شێوەئاسا بدۆزیتەوە. سەرجەمیان لەلایەن کەسانی بەشدار و دیزاینەرانەوە دروستکراون و بەردەستن بۆ بەکارهێنان. دەتوانیت کرتەیان لێ بکەیت تا لە نزیکەوە بیانبینیت. هەروەها دەتوانیت ڕوونووسیان بکەیت بۆ ماڵپەڕەکەی خۆت.

خۆت دەتوانیت دروستی بکەیت

دەتوانیت خۆت شێوەئاساکان دروست بکەیت. لە ڕێگەی دەستکاریکەری ماڵپەڕ و بەتایبەتیی لە بەشی شێوەئاساکان، دەتوانیت شێوەئاسای خۆت دروست بکەیت و دواتر لەو شوێنەی دەتەوێت بەکاری بهێنیتەوە. هەروەها دەتوانیت هەر لە ناو بابەت و پەڕەکانی خۆت، ئەو بڵۆکانەی بەدڵتن و دەتەوێت لە شوێنی تریش بەکاریان بهێنیت، دەتوانیت بیانکەیت بە شێوەئاسا. لەگەڵ هەڵبژاردەی (هاوکاتگەری) دەتوانیت شێوەئاسایەک دروست بکەیت کە پێی دەڵێین (شێوەئاسای هاودەمی) پاشان لە سەرجەم ئەو شوێنانەی دەتەوێت بەکاریان بهێنیت. بەڵام تایبەتمەندیی شێوەئاسای هاودەمیی ئەوەیە، کە دەتوانیت کە بەشی شێوەئاساکان دەستکاریی شێوەئاسا سەرەکییەکە بکەیت، پاشان لە هەر شوێنێک ئەو شێوەئاسایەت بەکارهێنابێت. هەموویان بەیەکەوە دەگۆڕێن.

تێبینی: ڕەنگە لە هەندێک شوێن (ئەو بڵۆکانەی توانای بەکارهێنانەوەیان هەیە) ببینیت. ئەمە هەر شێوەئاسای هاودەمییە. جاران وای پێ دەوترا، بەڵام دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بە شێوەئاسای هاودەمی. هەرچەند ڕێی تێناچێت لە هیچ شوێنێک ئەو ناوە مابێت. بەڵام تەنیا بۆ زانیاریی خۆت سوودی لێ وەربگرە.

چۆن شێوەئاساکان بەکاربهێنم؟

  1. کرتە بکە لە + بۆ زیادکردنی بڵۆکێکی نوێ لە تووڵامرازی سەرەوە لە دەستکاریکەری بڵۆکی وۆردپرێس.
  2. کرتە بکە لە شێوەئاساکان.
  3. لێرە دەبینیت سەرجەم شێوەئاساکان بە هاوپۆلی خۆیان جیاکراونەتەوە. دەتوانیت کرتە بکەیت بۆ بینینی سەرجەمیان، یان کرتە لە هاوپۆلێکی دیاریکراو بکەیت. بەڵام ئاگاداربە ئەم هاوپۆلانە و خوودی شێوەئاساکانیش بەپێی ڕووکارەکەت گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. ئەوەی لە ڤیدیۆکەی خوارەوە دەیبینیت، بریتییە لە شێوەئاساکانی ڕووکاری بیست بیست و پێنج.
  4. ئێستا ئەو شێوەئاسایەی مەبەستتە، کرتەی لێ بکە و ڕاستەوخۆ زیاد دەبێت بۆ ناو پەڕە یان بابەتەکەت. دەشتوانیت ڕایانبکێشیت و فڕێیان بدەیتە ئەو شوێنەی دەتەوێت.

جۆرەکانی شێوەئاسا

وەکو ئاماژەمان پێکرد، شێوەئاسا و هاوپۆلەکانیان بەپێی جۆری ڕووکارەکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. بەڵام زۆرینەی ڕووکارەکانی بڵۆک دوو جۆر شێوەئاسایان لەگەڵدایە.

  1. شێوەئاسای پەڕەی تەواو: ئەم جۆرە دیزاینی پەڕەیەکی تەواون. بۆ نموونە دەکرێت بچیتە سەر هاوپۆلی پەڕەکان، پاشان کرتە لە شێوەئاسای دەربارە بکەیت. بەم شێوەیە دیزاینی پەڕەیەکی تەواو زیاد دەکەیت بۆ پەڕەکەت. تۆ تەنیا وێنە و ناوەڕۆکەکان دەگۆڕیت و لە ماوەی چەند خولەکێکدا پەڕەکەت تەواو دەبێت.
  2. شێوەئاسای بەش: ئەم جۆرە تەنیا دیزاینی بەشێکە، بۆ نموونە دەکرێت پەڕەی دەربارە دروست بکەیت. دەبینیت پێویستت بە شێوەئاسایەکی جوانە بۆ ڕەوانەکردنی سەردانکەرانت بۆ پەڕەی پەیوەندی. بۆیە شێوە ئاسای دڵخوازی خۆت کە تەنیا دیزاینی یەک بەشە، زیاد دەکەیت بۆ پەڕەکەت.

چۆن شێوەئاسایەک دروست بکەم؟

لە وەشانی 6.3ی وۆردپرێسەوە، دەتوانیت شێوەئاسای خۆت دروست بکەیت.

  1. لە دەستکاریکەری بڵۆکی وۆردپرێس، ئەو بڵۆکانە دیاریبکە کە دەتەوێت بیانکەیت بە شێوەئاسا. گرنگ نییە سەرقاڵی دروستکردنی پەڕەی یان بابەت.
  2. کرتە لە سێ خاڵەکە بکە بۆ کردنەوەی ڕێکخستنەکان.
  3. کرتە بکە لە دروستکردنی شێوەئاسا.
  4. ناوی شێوەئاساکەت بنووسە، پاشان دەتەوێت بچێتە کام هاوپۆلی شێوەئاساکان؟
  5. ئێستا دەتوانیت هەڵیبژێریت شێوەئاساکە هاودەمیی کراو بێت یان نا.
  6. پاشان کرتە بکە لە زیادکردن.

بەڕێوەبردنی شێوەئاساکان

دەتوانیت لە دەستکاریکەری ماڵپەڕەکەوە شێوەئاساکانت بەڕێوە ببەیت.

  1. بچۆ سەر دەرکەوتن، پاشان دەستکاریکەر.
  2. کرتە بکە لە شێوەئاساکان. لێرە دەتوانیت سەرجەم شێوەئاساکان ببینیت، یان کرتە بکەیت لەو هاوپۆلەی دەتەوێت. هەروەها هەر لێرەش ئەو شێوەئاسایانە دەبینیت کە خۆت دروستت کردوون.
  3. کرتە لە سێ خاڵەکە بکە بۆ بینینی ڕێکخستنی زیاتری شێوەئاساکان.
  4. لێرەوە دەتوانیت شێوەئاساکە دەستکاری بکەیت، لەبەری بگریتەوە، ناوەکەی بگۆڕیت، هەناردەی بکەیت وەکو (JSON)، یان بیسڕیتەوە.
  5. دەشتوانیت کرتە لە خوودی شێوەئاساکە بکەیت بۆ دەستکاریکردن.

ئایا مافی ئەوەم هەیە ئەو وێنانە بەکاربهێنم کە لەگەڵ شێوەئاساکانن؟

بەڵێ بەدڵنیایی، سەرجەم ئەو وێنانەی لەگەڵ ڕووکارە ئازادەکانن، بە تایبەت ڕووکارە فەرمییەکانی وۆردپرێس، لەگەڵ وێنەکانی پێڕستی شێوەئاسا دەتوانیت بەکاربهێنیت. بەڵام ئاگاداربە، ئەو وێنانە لە ژێدەرگەیەکی دەرەکی ڕاژە کراون. واتە تەنیا لە ڕێگەی ناونیشانەکەیانەوە لە ماڵپەڕەکەت پیشان دەدرێت. ئەگەر ئاسایی بوو بەلاتەوە، دەتوانیت بەو شێوەیە بەکاریان بهێنیت. بەڵام دەبێت بزانیت، دڵنیایی ئەوە ناکرێت کە لە داهاتوودا ئەو وێنەیە دەمێنێتەوە یان نا. چونکە ئەگەر لە ڕاژە سەرەکییەکە سڕایەوە، چیتر لای تۆش دەرناکەوێت.

هەر بۆیە ئێمە پێشنیاری ئەوە دەکەین کە وێنەکان لە ژێدەرگەی ڕەنگاڵەکەی خۆت باربکە. وۆردپرێس ئەم کارەی زۆر ئاسان کردووە، واتە پێویست ناکات وێنەکە پاشەکەوت بکەیت بۆ کۆمپیوتەرەکەت و پاشان دووبارە باری بکەیتەوە. تەنیا کرتە لە هێمای بارکردن بکە (بارکردن بۆ ژێدەرگەی ڕەنگاڵە). کەمێک چاوەڕوانبە و وێنەکە باردەکرێت بۆ ژێدەرگەکەی خۆت.

ڕووداوتۆمارگەری

  • 29/06/2025 بابەت دروستکرا.

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *