پێوەکراوە پێویستەکانی وۆردپرێس

کاتی پێویست بۆ خوێندنەوە:

4–6 خولەک

کاتێک ماڵپەڕێک بە وۆردپرێس دروست دەکەیت، ئازادیت لەوەی چ ڕووکار و پێوەکراوێک دادەمەزرێنیت. لە ئێستادا زیاتر لە 60,000 پێوەکراو لەسەر پێڕستی پێوەکراوەکانی وۆردپرێس بەردەستن. هەر کەس بەپێی خواست و پێداویستییەکانی خۆی، پێوەکراوەکان دادەمەزرێنێت؛ بەڵام من لەم بابەتەدا، ئەو پێوەکراوانەت پێ دەناسێنم کە مەرجە لەسەر هەموو ماڵپەڕێکی وۆردپرێس هەبن. گرنگ نییە بۆچی وۆردپرێس دادەمەزرێنیت، پێویستە ئەم پێوەکراوانەش دابمەزرێنیت و چالاکییان بکەیت.

لەگەڵ ناساندنی هەر پێوەکراوێکدا، ئاماژە بە ئەرکەکەی دەدەم. پێویستە ئەوە بزانیت، کاتێک پێوەکراوێکی دیاریکراو دەناسێنم، مەرج نییە تۆش هەمان پێوەکراو بەکاربهێنیت؛ دەکرێت تۆ بە بەکارهێنانی پێوەکراوێکی هاوشێوە ئاسوودە و ئاشنا بیت. تەنیا ئەوە بزانە، ئەو پێوەکراوانەی من لێرەدا ئاماژەیان پێ دەدەم، بە کوردیی ناوەندی بەردەستن؛ هەروەها من دڵنیاییی تەواوت پێ دەدەم لە بەکارهێنانیان. دەتوانیت ئاسوودە بیت لە جۆرایەتییان، لە ڕووی ئاسایش، خێرایی و پاراستنی تایبەتێتییەوە.

بۆ زانیاریی زیاتر دەربارەی پێوەکراوەکان و چۆنێتیی دامەزراندنیان، ئەم بابەتە بخوێنەرەوە.


Independent Analytics

دوای ئەوەی ماڵپەڕەکەت دروست دەکەیت، بۆ بینینی ئامار، شیکردنەوەکان و چاودێریی هاتوچۆ، پێویستت بە پێوەکراوێکی بەهێز دەبێت. باشترین پێوەکراو بۆ ئەم مەبەستە (Independent Analytics)ـە. یەکێکە لە جێگرەوە باشەکانی (Google Analytics) و تەواو گونجاوە لەگەڵ ڕێسای گشتیی پاراستنی دراوە (GDPR).

پێوەکراوەکە ڕێگەت پێ دەدات چالاکیی سەرجەم پەڕە و بابەتەکانت ببینیت. ڕاپۆرتەکان بە خواستی خۆت دروست دەکەیت؛ دەتەوێت ڕاپۆرتی کەی ببینیت؟ ئەمڕۆ؟ دوێنێ؟ مانگی ڕابردوو؟ ئەمساڵ؟ هەمووی یەک کرتە دوورە لێتەوە. دەتوانیت ڕاپۆرتەکان هەناردە بکەیت. دەتوانیت ببینیت لە چ وڵات و شارێکەوە سەردانکەران دێنە ماڵپەڕەکەت و لە چ سەرچاوەیەکەوە ڕەوانە کراون؛ هەروەها چەند خولەک لەسەر ئەو بابەت و پەڕەیە ماونەتەوە. تایبەتمەندییەکانی پێوەکراوەکە زۆرن، بەکارهێنانی زۆر ئاسانە و پێویستت بە هیچ فێرکارییەک نابێت.

پێوەکراوەکە بەتەواوی لەسەر ماڵپەڕەکەت کار دەکات. دراوەکەت لەسەر ڕاژەکارەکەت دروست و کۆگا دەکرێت. هیچ زانیارییەکی تاکەکەسی پاشەکەوت ناکات و هیچ شەکرۆکەیەک بۆ شوێنکەوتنی بەکارهێنەران بەکارناهێنێت.


FluentSMTP

پرۆتۆکۆڵی گواستنەوەی نامەی سادە (SMTP) بۆ وۆردپرێس، یەکێکە لە پێداویستییە گرنگەکان. وۆردپرێس بە مەبەستی جیاواز پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ خاوەن ماڵپەڕ و سەردانکەران دەنێرێت. بۆ نموونە، خاوەن ماڵپەڕ ئاگادار دەکاتەوە لە بەڕۆژکردنەوەی ماڵپەڕ، لەکارکەوتنی ماڵپەڕ، ڕێکخستنەوەی تێپەڕەوشە، بەدەستگەیشتنی سەرنج، پرسیاری سەردانکەران لە ڕێگەی فۆڕمی پەیوەندی و سەدان جۆری نامەی تر، بەپێی ئاڵۆزیی ماڵپەڕەکە. سەردانکەرانیش بە هەمان شێوە، نامەی گرنگیان بەدەست دەگات. بۆ نموونە وەڵامی سەرنجەکانیان، نامە خۆکارەکانی فۆڕمی پەیوەندی و خۆتۆمارکردن و بە هەمان شێوە سەدان جۆری نامەی تر.

بەبێ پێوەکراوێکی بەهێزی (SMTP)، وۆردپرێس پشت بەو هەڵبژاردانە دەبەستێت کە خانەخوێیەکە دابینی کردووە. هەروەها هەندێک لە خانەخوێیەکان هەر بە بنەڕەت ڕاژەی ناردنی پۆستی ئەلیکترۆنییان نییە؛ بەڵام ئەگەر خانەخوێیەکە پێشکەشی بکات، ئەوە بە ئەگەری زۆرەوە، پۆستە ئەلیکترۆنییەکانت یان ناگەنە جێ، یان دەچنە سندوقی پۆستی نەخوازراوەوە.

بۆیە باشترین پێشنیار کە بۆت بکەم، بریتییە لە پێوەکراوی (FluentSMTP). بە شێوەیەکی سادە پێوەکراوەکە پەیوەست دەکرێت بە ڕاژەی (SMTP)ی دڵخوازی خۆت؛ ئیتر لە ڕێگەی ئەو ڕاژەیەوە سەرجەم پۆستی ئەلیکترۆنییەکانت دەنێرێت. دامەزراندنی پێوەکراوەکە ڕەنگە 5 خولەکی پێ بچێت، زۆر ئاسان و سادەیە. پێوەکراوەکە بەرهەمی (WPManageNinja)یە. لەبەر ئەوەی بەشێکە لە پڕۆژەی (پێنج بۆ داهاتوو), بۆیە بۆ هەتاهەتایە بێبەرانبەر دەمێنێتەوە و هیچ تایبەتمەندییەکیشی نییە کە پارە بکڕدرێت. ئەو تایبەتمەندییانەی پێوەکراوەکانی تری (SMTP) دەیفرۆشن، ئەم بێبەرانبەر پێشکەشت دەکات.

ڕەنگە پرسیاری ئەوە بکەیت چ ڕاژەیەکی (SMTP) گونجاوە؛ بەتەواویی دەکەوێتە سەر ئارەزووی خۆت، بەڵام (Brevo) هەڵبژاردەیەکی گونجاوە. ڕۆژانە ڕێگەت پێ دەدات بێبەرانبەر 300 نامە بنێریت. ئاگاداربە ڕاژەکانی (SMTP) بێبەرانبەر نین؛ (Brevo)ش تەنیا بۆ ماڵپەڕێکی بچووک گونجاوە. بۆ ماڵپەڕە قەرەباڵغەکان، ئیتر دەبێت پلانی بەرزتر بکڕدرێت.


CleanTalk

یەکێک لەو کێشانەی بەردەوام ڕووبەڕووی ماڵپەڕەکان دەبێتەوە، هێرشی بۆتە خۆکارەکانە. ئەم بۆتانە دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی سەرنج، ناردنی فۆرمەکانی پەیوەندی، خۆتۆمارکردن، ناردنی داواکاری و بەشداریکردن. جا نامەکانی ئاڕاستەی دەکەن یان نووسینی بێواتان، یان بانگەشەن، یان هەوڵی تۆڕەماسییە لە بەکارهێنەران و بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕەکە. جگە لەوانە دەکرێت بۆتەکان ئاڕاستەی ماڵپەڕەکەت بکرێن بۆ دزینی ژمارەی تەلەفوون و پۆستی ئەلیکترۆنی؛ هەر بۆیە سەرنج دەدەیت نامەدانی هەژماری پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت پڕ دەبێت لە پۆستی نەخوازراو.

ڕەنگە لەسەر ئەو ماڵپەڕانەی سەردانیان دەکەیت، لە کاتی هەر چالاکییەکدا داوای سەلماندنت لێ بکەن کە تۆ مرۆڤیت؛ بۆ نموونە (CAPTCHA)ی گووگڵ، کە پێت دەڵێت لەم وێنانەدا وێنەی ئۆتۆمبێل، درەخت و هتد دیاری بکە. هەندێکی تر دەڵێن: «ئەنجامی ئەم کۆکردنەوەیە چەندە؟» یان «ئەم ئاژەڵانە لەگەڵ سێبەرەکانیان ڕێک بخە». بەڵام بەڕاستی هەموومان دەزانین کە ئەو جۆرە سەلماندنانە بێزارکەرن؛ زۆربەی کات سەلماندنەکەت ڕەت دەکەنەوە چونکە نازانیت ئەو بەشانەی ئۆتۆمبێلەکە کە دەرچووە لە چوارگۆشەکان، دیارییان بکەیت یان نا.

هەر بۆیە باشترین پێوەکراوی وۆردپرێس دێتە پێشەوە، ئەویش (CleanTalk)ـە. یەکێک لە دڵخوازترین پێوەکراوەکانە لای من. پێوەکراوەکە بەبێ ئەوەی لە هیچ شوێنێکی ماڵپەڕەکەتەوە دیار بێت، کارەکانی خۆی بە جوانی ئەنجام دەدات. پۆستی نەخوازراو لە سەرنجەکان و فۆرمی پەیوەندیدا کۆتایییان دێت؛ چیتر خۆتۆمارکردن و ناردنی داواکاریی ساختە بوونیان نامێنێت. هەروەها تایبەتمەندیی نهێنبەندکردنی زانیارییەکانی پەیوەندیی لەگەڵدایە؛ ناونیشانی پۆستی ئەلیکترۆنییەکان لێڵ دەکات، کاتێک دڵنیا بووەوە کە داواکارەکە مرۆڤە، ئەو کات نیشانیان دەدات. پشت بە بنکەدراوەیەکی بەهێز دەبەستێت بۆ ناسینەوەی ناونیشانی پۆستە نەخوازراوەکان؛ ڕێگەش بە هیچ کەسێک نادات ناونیشانی پۆستی ئەلیکترۆنیی ساختە بەکار بهێنێت.

بۆ زانیاریت، پێوەکراوەکە بێبەرانبەر نییە، هەر وەک هەموو پێوەکراوەکانی تری دژەپۆستی نەخوازراو؛ چونکە ئەو ڕاژەیە بێبەرانبەر پێشکەش ناکرێت، بەڵام نرخی بەشداریکردن بەتەواوی گونجاوە.


The SEO Framework

هەموو خاوەن ماڵپەڕێک دەیەوێت ماڵپەڕەکەی لە ئەنجامەکانی سەرەوەی گەڕاندا دەربکەوێت. جا لە گووگڵ بێت، بینگ، دەک دەک گۆ، یان هەر بزوێنەرێکی گەڕانی تر. وۆردپرێس خۆی وەک سیستەمی بەڕێوەبردنی ناوەڕۆک، یەکێکە لە باشترین سەکۆکان، بەتەواویی دۆستی سەرجەم بزوێنەرەکانی گەڕانە. بەڵام هەر ئەوەندە بەس نییە. پێویستت بە پێوەکراوێکی بەهێزە کە بەتەواوی نەخشەماڵپەڕ، بابەت و پەڕەکانت بۆ ئامادە بکات، تا باشترین ئەنجام لە گەڕانی بزوێنەرەکانی گەڕان بدەن بە دەستەوە.

هەڵبەتە هەم وۆردپرێس، هەم بزوێنەرەکانی گەڕان یاسا و ڕێنماییان هەیە، لەسەر ئەو بنەمایانە بڕیار دەدەن هەر ماڵپەڕێک لە کوێی ئەنجامەکانی گەڕان دەربکەوێت. دەبێت بزانیت، دەکرێت باشترین ناوەڕۆکەکان پێشکەش بکەیت. بەڵام کاتێک بنەڕەتەکانی وۆردپرێس و بزوێنەرەکانی گەڕانت پشتگوێخست، ئیتر ناوەڕۆکەکەت گرنگییەکی ئەوتۆی نابێت. ماڵپەڕەکەت هەرگیز لە بەشی سەرەوەی ئەنجامەکانی گەڕان دەرناکەوێت. جا تۆ پێویستت بە پێوەکراوێکە ئەو کارەت بەئاسانیی بۆ بکات. هەموو تایبەتمەندییە پێویستەکانت پێشکەش بکات. هەروەها هەراسانت نەکات بە بانگەشە و پەنجەرەی زیادە و داخستنی تایبەتمەندییەکانی. (The SEO Framework) باشترین چارەسەرە. تەنیا لە ماوەی 5 خولەکدا شێوەی پێدەدرێت. دوای چالاککردن ڕێنماییەکی پوختیشت پێشکەش دەکات تا فێربیت چۆن ڕێکخستنەکان بەکاربهێنیت.


ڕووداوتۆمارگەری

  • 24/01/2026 بابەت دروستکرا.

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *