سەرجەم بڵۆکەکان

بڵۆکەکان ڕێگەت پێ دەدەن ناوەڕۆکەکان زیاد بکەیت بۆ پەڕە و بابەتەکانت. سەرجەمیان لە دەستکاریکەری بڵۆک بەردەستن، دەتوانیت بەئاسانیی زیادیان بکەیت و بیانجوڵێنیت.

ئەو بڵۆکانەی وۆردپرێس بە بنەڕەت پێشکەشی دەکات، ڕێگەت پێ دەدەن بەتەواویی ماڵپەڕەکەت دروست بکەیت. بەڵام تۆ دەتوانیت بڵۆکی خۆشت دابمەزرێنیت. یان ڕەنگە ئەو پێوەکراوەی بەکاری دەهێنیت چەندین بڵۆک زیاد بکات بۆ دەستکاریکەری بڵۆکەکەت. بۆ نموونە هەندێک کەس دەیانەوێت نەخشەی کارەکەیان لەسەر گووگڵ لە ماڵپەڕەکەیان پیشان بدەن. ئەگەر پێوەکراوێک دابمەزرێنیت بۆ ئەو کارە، پێوەکراوەکە بڵۆکی نەخشەی گووگڵ زیاد دەکات بۆ بڵۆکەکانت، تا بەئاسانیی و بەبێ کورتەکۆد نەخشەکەت پیشان بدەیت.

بڵۆکەکان دابەش دەبن بەسەر شەش هاوپۆل

دەق

پەرەگراف

بڵۆکی پەرەگراف یەکەم بڵۆکە کە دەیبینیت کاتێک پەڕه یان بابەتێک دروست دەکەیت. ئەم بڵۆکە ڕێگەت پێ دەدات ناوەڕۆکەکانت بنووسیت، هەروەها چەندین ڕێکخستن و هەڵبژاردەی لەگەڵدایە بۆ دەستکاریکردنی شێواز و دەرکەوتن.

سەردێڕ

بڵۆکی سەردێڕ ڕێگەت پێ دەدات بڕگەی نوێ بناسێنیت لە بابەتەکەت، هەروەها ناوەڕۆکەکەت ڕێکبخەیت. سەردێڕ یارمەتیی مرۆڤ و ئامێرەکان دەدات جوانتر و باشتر لە بابەتەکەت بگەن. سەردێڕەکان 6 ئاستیان هەیە. دەستکاریکەری بڵۆک بەشێوەیەکی بنەڕەت ناونیشانی پەڕە/بابەتەکە دەکات بە (H1) بۆیە تۆ لە (H2 – H6) بەکاردەهێنیت بۆ ڕێکخستنی بابەتەکەت.

لیستە

دەتوانیت بەئاسانیی لەگەڵ‌ ئەم بڵۆکە لیستەکانت دروست بکەیت، ئەم بڵۆکە پشتگیریی لیستەی خاڵدار و ژمارەدار دەکات.

دەق

لە ڕێگەی بڵۆکی دەقەوە، پێداچوونەوەی کڕیاران، وتەی زانایان و ناوداران، سەرچاوەیەک لە پەڕتووکێکەوە، پیشان بدە. ئەم بڵۆکە بەشێوەیەکی جوان دەقەکانت بۆ دەخاتەڕوو، کە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ جیاکردنەوەی دەقەکە لە تەواوی بابەتەکەت.

کلاسیک

ئەم بڵۆکە دەستکاریکەی کلاسیکت بۆ دەکاتەوە، بەڵام لە شێوەی بڵۆک. ناتوانین پێشنیاری سوودی ئەم بڵۆکە بکەین، چونکە دەستکاریکەری بڵۆک بۆ دروستکردنی ئەزموونێکی نوێی نووسین و دیزاینە. گەڕانەوە بۆ دەستکاریکەری کلاسیک ئەزموونێکی باش نییە. بەڵام ئەم بڵۆکە سوودێکی زۆری هەیە بۆ ئەو کەسانەی ماڵپەڕەکانیان دەگوازنەوە لە ڕووکار و دەستکاریکەری کلاسیک بۆ بڵۆک. چونکە کاتێک بابەتەکانیان لە ماڵپەڕە کۆنەکەوە هاوردە دەکەن، وۆردپرێس ئەم بڵۆکەیان بۆ بەکاردەهێنێت تا بابەتەکانیان نەشێوێت. دواتر دەتوانن بیگۆڕن بە بڵۆکی پەرەگراف و سەردێڕ.

کۆد

ئەم بڵۆکە ڕێگەت پێ دەدات کۆدەکان بنووسیت و پیشانیان بدەیت لە بابەتەکەت. زۆر بەسوودە بۆ کەسانێک کە بابەتی پرۆگرامسازی و گەشەپێدانی وێب دەنووسن.

وردەکارییەکان

بڵۆکی وردەکارییەکان پوختەیەک لە نووسین پیشان دەدات لەگەڵ‌تیرێک. کاتێک کرتەت لێ کرد، نووسینێک بە وردەکارییەوە دەردەکەوێت. ئەم بڵۆکە زۆر ناوازەیە بۆ دروستکردنی پەڕەی پرسیاری هەمیشە دووبارە (پهد). پرسیارێکی کورت دەنووسیت، پاشان وەڵامەکەی لە ژێرەوە. وەڵامەکە دەرناکەوێت تا سەردانکەران کرتە لە پرسیارەکە نەکەن.

پێشوەختە فۆرماتکراو

ئەم بڵۆکە ڕێگەت پێ دەدات نووسینەکانت بەو شێوەیە دەربکەون کە نووسیوتە. ئەم بڵۆکە گونجاوە بۆ نووسینی ئینگلیزی و هەر زمانێکی چەپ بۆ ڕاست، هەروەها کۆد. دەتوانین بڵێین ئەم بڵۆکە تێکەڵەی بڵۆکەکانی پەرەگراف و کۆدە. هاوشێوەی پەرەگرافە چونکە دەتوانیت تێیدا بنووسیت، بەڵام هاوشێوەی پەرەگراف نییە، چونکە بۆشایی و ناوبڕی هێڵەکان وەکو خۆی پیشان دەدات. بۆ نموونە ئەگەر لە بڵۆکی پەرەگرافدا بنووسیت، کاتێک کلیلی دێڕگێڕت داگرت، بڵۆکێکی نوێی پەرەگراف دروست دەبێت. بەڵام لە بڵۆکی پێشوەختە فۆرماتکراو هێڵێکی نوێ دروست دەبێت، نەک بڵۆکێکی نوێ. هەروەها هاوشێوەی بڵۆکی کۆدە، چونکە بە جۆرەپیتی (monospace) پیشان دەدرێت و ناوازەیە بۆ لاگرتنی تەواو. بەڵام هاوشێوەی بڵۆکی کۆد نییە، چونکە ئەم ڕێگەت پێ دەدات دەستکاریی شێواز و دەرکەوتنی بڵۆکەکە بکەیت.

وتەی هەڵبژێردراو

ئەگەر بتەوێت وتەی کەسێک بەجوانیی لە بابەت و پەڕەکەتدا پیشان بدەیت، بەڵام هەر لەگەڵ وتەکە ناوی کەسەکەش ئاماژە پێ بدەیت. ئەوە ئەم بڵۆکە باشترین هەڵبژاردەیە. ڕێگەت پێ دەدات وتەکان بە ناوی خاوەنەکانیانەوە بنووسیت و شێوازی جوانیان پێ بدەیت.

خشتە

بۆ دروستکردنی خشتە لە بابەت و پەڕەکانت بەئاسانی.

هەڵبەست

ئەم بڵۆکە، ناوازەیە بۆ نووسینی هۆنراوە.

ڕەنگاڵە

وێنە

بڵۆکی وێنە ڕێگەت پێ دەدات وێنەکان تێکەڵکێشی ناوەڕۆکەکانت بکەیت، دەتوانیت بڵۆکەکە زیاد بکەیت و وێنەیەک لە ژێدەرگەی ڕەنگاڵەکەت بهێنیت. یان ڕاستەوخۆ وێنەیەک بار بکەیت.

پێشانگا

بڵۆکی پێشانگا ڕێگەت پێ دەدات چەند وێنەیەک زیاد بکەیت و لە پێشانگایەکدا ڕێکیان بخەیت. دەتوانیت ژمارەی ستوونەکان و قەبارەی وێنەکان دیاریبکەیت.

دەنگ

بڵۆکی دەنگ ڕێگەت پێ دەدات مۆسیقا، گۆرانی، پۆدکاست و هتد زیاد بکەیت بۆ پەڕە\بابەتەکەت.

داپۆشین

ئەم بڵۆکە ناوازەیە بۆ دیزاینکردنی ماڵپەڕەکەت. زۆرینەی کات لە دروستکردنی بەشی سەرەکیی ماڵپەڕەکاندا بەکاردەهێنرێت. چونکە ڕێگەت پێ دەدات وێنە یان ڤیدیۆیەک بکەیت بە پاشبنەما، هەروەها دەقێک یان چەند دەقێک لەسەریان بنووسیت. ئەم بڵۆکە لە ناو کلووی داواکاریشدا بەکاردێت.

پەڕگە

ئەم بڵۆکە ڕێگەت پێ دەدات پەڕگەیەک لە ناو پەڕە\بابەتەکانت دابنێیت، تا ڕێگە بە خوێنەران و سەردانکەران بدەیت دایبگرن. بۆ نموونە، پەڕگەیەکی (PDF).

ڕەنگاڵە و دەق

ئەم بڵۆکە ڕێگەت پێ دەدات وێنە\ڤیدیۆ و دەق لە تەنیشت یەک دابنێیت.

ڤیدیۆ

ئەم بڵۆکە ڕێگەت پێ دەدات ڤیدیۆ لەگەڵ ناوەڕۆکەکانت دابنێیت. ئەم بڵۆکە ئەو ڤیدیۆیانە پیشان دەدات کە بارت کردوون بۆ ژێدەرگەی ڕەنگاڵەی ماڵپەڕەکەت. واتە ڤیدیۆی ڕاژەی دەرەکی پیشان نادات.

دیزاین

دوگمەکان

ئەم بڵۆکە ڕێگەت پێ دەدات دوگمە یان چەند دووگمەیەک زیاد بکەیت بۆ پەڕە\بابەتەکانت.

ستوونەکان

ستوونەکان ڕێگەت پێ دەدات دەق، ڕەنگاڵە و جۆرەکانی تر ناوەڕۆک بخەیتە ناو ستوونەکان. دەتوانیت تا 6 دانە زیاد بکەیت. کاتێکیش قەبارەی پێویستی پەردە بەردەست نەبوو، بۆ نموونە لەسەر تەلەفوونەکان. ستوونی ژمارە یەک لە سەرەوە پیشان دەدرێت و کۆتا ستوونیش لە خوارەوە. لە ماڵپەڕێکی ڕاست بۆ چەپ، یەکەم ستوون لە ڕاستەوە یەکەم دانەیە.

تۆڕ

ئەم بڵۆکە وەک کۆنتێنەر کار دەکات. دەتوانیت چەندین بڵۆکی بۆ زیاد بکەیت، پاشان دەستکاریی پانی، بەرزی و شوێنەکانیان بکەیت، هەموویان بەیەکەوە لە ناو کۆنتێنەرەکە. هەروەها تۆڕ ڕێگەت پێ دەدات بیگۆڕیت بە گرووپ، ڕیز و کۆمەڵ، بەبێ ئەوەی ناوەڕۆکەکانی ناوی بگۆڕدرێت.

گرووپ

یەکێکە لە بڵۆکە سەرەکییەکان بۆ دیزاین و دروستکردنی پەڕە و بابەتەکان. دەتوانێت هەرجۆرێک لە بڵۆکەکان بەیەکەوە بکەیت بە گرووپێک. ئەمە بۆ دوو شت سوودبەخشە، بۆ ڕێکخستن و دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغیی، هەروەها بۆ ئەوەی ئەو بڵۆکانەی کردووتە بە گرووپ بەیەکەوە دەستکاریی بکەیت، بۆ نموونە پێدانی ڕەنگی پاشبنەما، بۆشایی نێوانیان و هتد.

ڕیز

ڕیز هاوشێوەی گرووپ کار دەکات (گرووپ نییە)، بەکاردەهێنرێت بۆ ڕێکخستنی بڵۆکەکان بەشێوەی ئاسۆیی.

کۆمەڵ

کۆمەڵ هاوشێوەی گرووپ کار دەکات (گرووپ نییە)، بەکاردەهێنرێت بۆ ڕێکخستنی بڵۆکەکان بەشێوەی ستوونی.

زیاتر

ئەم بڵۆکە بەستەری ‘زیاتر بخوێنەرەوە’ زیاد دەکات بابەتێک، پەڕەی بڵۆگ، یان ئەرشیفەکان.

بەشکردنی پەڕە

بڵۆکی بەشکردنی پەڕە بەکاربهێنە، ئەگەر ویستت ناوەڕۆکەکانت بکەیت بە چەند پەڕەیەک. ئەمە بەسوودە ئەگەر ویستت فێرکارییەکی هەنگاو بە هەنگاو دروست بکەیت، یان پەڕە\بابەتەکانت بکەیت بە بەش بەش و ژمارەی پەڕەکانی پێ بدەیت.

جیاکەرەوە

بڵۆکی جیاکەرەوە هێڵێکی ئاسۆیی لە نێوان ناوەڕۆکەکانت دروست دەکات. دەتوانیت ناوەڕۆکی پەڕە و بابەتەکان بەشێوەیەکی دیارتر لە یەک جیا بکەیتەوە.

بۆشایی

بڵۆکی بۆشایی بەکاربهێنە ئەگەر ویستت بۆشایی بخەیتە نێوان بڵۆکەکانت.

ویجیتەکان

ئەرشیفەکان

ئەم بڵۆکە بەکاربهێنە ئەگەر بتەوێت ئەرشیفی بابەتەکانت بە ڕێکەوت پیشان بدەیت. بۆ نموونە ئەگەر ساڵەکانی 2023، 2024، و 2025 بابەتت نووسیبێت. ئەم بڵۆکە ساڵەکان ڕیز دەکات. کاتێک کرتەت لە ساڵەکە کرد، سەرجەم بابەتەکانی ئەو ساڵەت پیشان دەدات.

ڕۆژمێر

ئەم بڵۆکە سەرجەم بابەتەکانت لە ناو ڕۆژەکانی مانگدا بۆ کۆدەکاتەوە. هەر کاتێک بابەتێک بڵاو بکەیتەوە، زیاد دەبێت بۆ ڕۆژەکانی ناو ئەم بڵۆکە. کاتێک کرتە لە ڕۆژێکی دیاریکراو دەکەیت، بابەتەکانی ئەو ڕۆژەت پیشان دەدات.

لیستەی هاوپۆلەکان

ئەم بڵۆکە سەرجەم زاراوەکانی پۆلێنکردنێک پیشان دەدات.

لیستەی هاوپۆلەکان

ئەم بڵۆکە سەرجەم هاوپۆلەکان پیشان دەدات. کاتێک کرتەت لە هاوپۆلێک کرد، دەتبات بۆ ئەرشیفی ئەو هاوپۆلە.

(HTML)ی دەستکرد

ئەم بڵۆکە ڕێگەت پێ دەدات کۆدی (HTML)ی دەستکردی خۆت زیاد بکەیت بۆ پەڕە و بابەتەکانت. کاتێک زیادت کرد، دەتوانیت کرتە لە پێشبینین بکەیت بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی ببینیت. ئاگاداربە ئەم بڵۆکە تەنیا بۆ (HTML)ی خاوە، واتە کۆدی کورت لەم بڵۆکە دانانرێت.

دوایین لێدوانەکان

ئەم بڵۆکە دوایین لێدوانەکان پیشان دەدات کە خوێنەران زیادیان کردووە لەسەر بابەت یان پەڕەیەک لە ماڵپەڕەکەت.

دوایین بابەتەکان

ئەم بڵۆکە دوایین بابەتە بڵاوکراوەکانت پیشان دەدات. چەندین هەڵبژاردە پێشکەش دەکات، تا بتوانیت چۆنێتیی دەرکەوتنی بابەتەکان دەستکاریی بکەیت. بۆ نموونە بابەتەکان بە شێوەی لیست دەربکەون یان خانە خانە، کورتەی بابەتەکە چەند نووسە بێت و هتد.

لیستی پەڕەکان

ئەم بڵۆکە سەرجەم پەڕە بڵاوکراوەکانت لە لیستەیەکدا پیشان دەدات. دەتوانیت لە ناو پەڕە، بابەت یان لاتەنیشتەکاندا بەکاری بهێنیت.

RSS

خۆراکی (RSS) وەشانی ناوەڕۆکی بڵۆگ یان وێبسایتێکە، کە تەنیا ئامێرەکان دەیخوێننەوە. لەگەڵ بڵۆکی (RSS) دەتوانیت ناوەڕۆکی هەر ماڵپەڕێک پیشان بدەیت کە دەتەوێت. هەروەها کۆمەڵێک دەسەڵاتت پێ دەدات، کە ئایا ناونیشان، نووسەر، ڕێکەوت، کورتەی بابەت پیشان بدەیت یان نا.

گەڕان

بڵۆکی گەڕان بەکاربهێنە تا خانە و دوگمەیەک زیاد بکەیت بۆ پەڕە یان بابەتەکانت. لەو ڕێگەیەوە خوێنەران بەدوای ئەو زاراوەیەدا دەگەڕێن کە دەیانەوێت. دەتوانیت بڵۆکی گەڕان لە هەر شوێنێک بەکاربهێنیت کە دەتەوێت. بەڵام گونجاوترین شوێنەکان، سەرپەڕە، ژێرپەڕە و پەڕەی 404ە.

کۆدی کورت

کۆدی کورت یان کورتەکۆد جۆرە کۆدێکی تایبەت بە وۆردپرێسە. ڕێگەت پێ دەدات، کاری ئاڵۆز بەئاسانیی ئەنجام بدەیت. بۆ نموونە دەکرێت پێوەکراوێک دابمەزرێنیت، ئەم پێوەکراوە داشبۆردێک پێشکەش بکات، لەجیاتیی ئەوەی تەواوی کۆدەکانی داشبۆردەکە لە ناو پەڕەکە جێگیر بکرێت، کۆدێکی کورت دادەنرێت. ئەمەش داشبۆردە ئاڵۆزەکەت بەئاسانیی بۆ پیشان دەدات.

وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

ئەم بڵۆکە ڕێگەت دەدات بەستەر هەژمارەکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەوە دابنێیت. کاتێک خوێنەرانت کرتەیان لێ کرد، ڕەوانە دەکرێن بۆ هەژمارەکەت.

تاگی هەور

ئەم بڵۆکە سەرجەم هاوپۆل\تاگەکانی بڵۆگەکەت بە شێوەی ئاوبێیی زیاد دەکات. هاوپۆل\تاگەکانت بە قەبارەی جۆرەپیت ڕێکدەخرێن. ئەو هاوپۆل\تاگەی لە بڵۆگەکەت زۆر بەکارت هێنابێت. گەورەترین قەبارەی دەبێت. ئەمە هەم شێوەیەکی جوان دەبەخشێت بە پەڕە\بابەتەکانت، هەم خوێنەرانت دەزانن لەسەر چ جۆرە بابەتێک زۆرترین جار نووسیوتە.

ڕووکار

ڕێدۆزی

بڵۆکی ڕێدۆزیی بەکاردەهێنرێت بۆ پیشاندانی لیستەی ڕێدۆزیی لە ماڵپەڕەکەت. هەر کاتێک سەردانی ماڵپەڕێک دەکەیت، لیستەیەک دەبینیت لە “سەرەتا، دەربارە، بڵۆگ، پەیوەندی” و هەتادوایی. ئەوە پێی دەوترێت لیستەی ڕێدۆزی. بەشێوەیەکی گشتی، بڵۆکی ڕێدۆزیی لە سەرپەڕە و ژێرپەڕەی ماڵپەڕەکەت دادەنرێت. بەڵام ئازادیت لە بەکارهێنانی لە هەر شوێنێکی تریش. ئەم بڵۆکە ڕێگەت پێ دەدات بەستەری دەستکرد و لیستەی لاوەکییش دروست بکەیت.

نیشانەی پێناسی ماڵپەڕ

کاتێک ویستت نیشانەی پێناسی کارەکەت لە سەرپەڕە یان ژێرپەڕەی ماڵپەڕەکەت دابنێیت، ئەوە ئەم بڵۆکە ئەو کارەت بۆ دەکات. ڕێگەت پێ دەدات دەستکاریی قەبارەی نیشانەی پێناسەکە بکەیت. هەروەها بیکەیت بە بەستەرێک بۆ پەڕەی ماڵەوە یان نا.

ناونیشانی ماڵپەڕ

ئەم بڵۆکە ڕێگەت پێ دەدات ناونیشانی ماڵپەڕەکەت لە سەرپەڕە یان ژێرپەڕەی ماڵپەڕەکەت پیشان بدەیت. بیکەیت بە بەستەرێک بۆ پەڕەی ماڵەوە. یان دەستکاریی ناونیشانی ماڵپەڕەکەت بکەیت. ئاگاداربە، هەر گۆڕانکارییەک بکەیت، لە تەواوی ماڵپەڕەکەت و تووڵی ناونیشانی وێبگەڕ جێگیر دەبێت.

دروشمی ماڵپەڕ

ئەم بڵۆکە ڕێگەت پێ دەدات دروشمی ماڵپەڕەکەت پیشان بدەیت، یان دانەیەک دروست بکەیت. دروشمی ماڵپەڕ کورتە دەقێکە کە بە چەند وشەیەک ئامانجی ماڵپەڕەکە ڕوون دەکاتەوە. ئاگاداربە هەر گۆڕانکارییەک بکەیت لە تەواوی ماڵپەڕەکەت و تووڵی ناونیشانی وێبگەڕ جێگیر دەبێت.

کلوی داواکاری

کلوی داواکاریی یەکێکە لە بەهێزترین بڵۆکەکان. کاتێک بەکارت هێنا، دوایین بابەتەکانت پیشانت دەدات. بەڵام لە ڕاستیدا بڵۆکەکە تەنیا ئەو توانایەی نییە. بەڵکو هەر جۆرە بابەتێکت دروست کردبێت لە ماڵپەڕەکەت، کلوی داواکاریی پیشانی دەدات. تۆ تەنیا پێویستە جۆرە بابەتەکە هەڵبژێریت. لەسەر ئاستی کلوی داواکاریی، دەتوانیت جۆرە بابەت و هاوپۆلەکە هەڵبژێریت.

کلوی داواکاریی دابەش دەبێت بەسەر سێ بەشی سەرەکیدا. لە خوارەوە دەربارەیان فێربە.

داڕێژەی بابەت

بەرپرسە لە چۆنێتیی پیشاندانی بابەتەکە. بۆ نموونە بابەتەکان بە لیستەیەک پیشان بدرێن یان خانە خانە.

ژمارەی پەڕەکان

لێرە دیاری دەکەیت چۆن بابەتەکان دابەش ببن بەسەر پەڕەکاندا. ئایا ژمارەی پەڕەکان پیشان بدرێت؟ یان بەستەری پێشوو\دواتر.

بێ ئەنجام

ڕێگەت پێ دەدات نامەیەک بنووسیت، کاتێک داواکارییەکە هیچ ئەنجامێکی نەگەڕاندەوە. بۆ نموونە: “تا ئێستا هیچ بابەتێک لەم بڵۆگە نەنووسراوە.”

ئەو بڵۆکانەی لە ناوی کلوی داواکاریی بەکاردەهێنرێن

کۆمەڵێک لە بڵۆکەکان دەکرێت لە ناو کلوی داواکاری و داڕێژەی بابەتە تەنیاکان بەکاربهێندرێن. ئەوانیش:

وێنۆچکە

ئەم بڵۆکە وێنۆچکەی نووسەری بابەت\پەڕە پیشان دەدات. وێنۆچکەکە لە ڕاژەی “Gravatar”ەوە بار دەکرێت.

ناونیشان

ناونیشانی بابەتەکە پیشان دەدات.

کورتە

کورتەی بابەتەکە پیشان دەدات. ڕێگەت پێ دەدات کۆنترۆڵی ژمارەی وشەکان بکەیت.

وێنەی تایبەت

وێنەی بابەتەکە پیشان دەدات. کاتێک بابەتێک دەنووسیت، پێویستە وێنەی سەرەکیی بابەتەکە دابنێیت. تا ئەم بڵۆکە بتوانێت پوختەی بکات.

نووسەر

کۆمەڵێک وردەکاریی نووسەری بابەتەکە پیشان دەدات. وەکو ناو، وێنۆچکە و بایۆ.

ناوی نووسەر

ناوی نووسەری بابەتەکە پیشان دەدات.

ڕێکەوت

ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی بابەتەکە پیشان دەدات.

ڕێکەوتی دەستکاریکردن

ڕێکەوتی دەستکاریکردنی بابەتەکە پیشان دەدات.

هاوپۆلەکان

هاوپۆلەکانی بابەتەکە پیشان دەدات.

تاگەکان

تاگەکانی بابەتەکە پیشان دەدات.

زیاتر بخوێنەرەوە

بەستەری بابەت\پەڕە پیشان دەدات. بۆ نموونە ناونیشانی بابەتێکت هەیە، لە خوارەوە کورتەیەک لە بابەتەکە. ئێستا ئەم بڵۆکە دادەنێیت، تا خوێنەرانت کرتەی لێ بکەن بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە.


بابەتی داهاتوو

بەستەری بابەتی داهاتوو پیشان دەدات. (ئەو بابەتەی دوای ئەوەیە کە ئێستا دەیخوێنیتەوە.)

بابەتی پێشوو

بەستەری بابەتی پێشوو پیشان دەدات. (ئەو بابەتەی پێش ئەوەیە کە ئێستا دەیخوێنیتەوە.)

سەرنجەکان

سەرنجەکانی بابەتەکە پیشان دەدات.

فۆرمی سەرنجەکان

فۆرمی نووسینی سەرنجەکان پیشان دەدات.

چوونەژوورەوە\چوونەدەرەوە

بەستەرەکانی چوونەژوورەوە\چوونەدەرەوە بۆ ماڵپەڕەکە پیشان دەدات.

وەسفی زاراوە

وەسفی هاوپۆل، تاگ، و پۆلێنە دەستکردەکان پیشان دەدات لە پەڕەی ئەرشیف.

ناونیشانی ئەرشیف

ناونیشانی ئەرشیف بەپێی ئامانجی داواکراو پیشان بدە. بۆ نموونە ئەگەر لە داڕێژەی هاوپۆلەکان بەکاری بهێنیت. کاتێک پەڕەی ئەرشیفی ئەو هاوپۆلە دەکەیتەوە، ئەم بڵۆکە ناوی هاوپۆلەکە وەکو ناونیشانی پەڕەکە پوختە دەکات.

ناونیشانی ئەنجامەکانی گەڕان

بەشێوەیەکی جوڵاو دەقێک و زاراوەکە پیشان دەدات کە گەڕانی بۆ کراوە. پێویستە ئەم بڵۆکە لە داڕێژەی ئەنجامەکانی گەڕان بەکاربهێنیت. بڵۆکەکە ئەمە پوختە دەکات. (ئەنجامەکانی گەڕان بۆ: “ئەو شتەی گەڕانی بۆ کراوە”).

ژیاننامەی نووسەر

بایۆی نووسەری بابەتەکە پیشان دەدات. دەبێت نووسەرەکە لە پرۆفایلەکەی خۆی بایۆی نووسیبێت.

تێخراوەکان

سەرجەم بڵۆکەکانی ئەم بەشە یەک ئەرکیان هەیە. بۆیە باسکردنیان دانە دانە پێویست نییە. ئەرکەکەش بریتییە لە پیشاندانی ناوەڕۆکێکی دەرەکی، تەنیا بە ڕوونووسکردنی بەستەرەکانیان. بۆ نموونە بەستەری ڤیدیۆیەکی یوتیوب ڕوونووس بکە و لە ناو بڵۆکی تێخراوی یوتیوب دایبنێ. بڵۆکەکە ڤیدیۆکەت بۆ پیشان دەدات. هەمان شێوەیە بۆ سەرجەم ڕاژەکانی تر، لەوانە: وۆردپرێس، سپۆتیفای، پۆکێت کاستس، تەمبڵەر، بلوسکای و هتد. بە کۆی گشتی 31 بڵۆک بۆ پیشاندانی ناوەڕۆکە دەرەکییەکان بەردەستن.

ڕووداوتۆمارگەری

  • 29/07/2025 بابەت دروستکرا.

سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *